ژمارەیەك بارهەڵگری پڕ لە دۆلار گەیشتنە عێراق

گەیشتنی دۆلاری ئەمەریكی بۆ بانكی بازرگانی عێراق
گەیشتنی دۆلاری ئەمەریكی بۆ بانكی بازرگانی عێراق

K24 - هەولێر:

سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراق ئاشكرایكردووە ژمارەیەك بارهەڵگری پڕ لە دۆلار گەیشتووەتە بانكی بازرگانی عێراقی.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە 7ـی كانوونی یەكەمی 2023) سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراق كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی پلانی بانكی بازرگانی عێراقی (TBI) بۆ هاوردەكردنی دۆلار، ژمارەیەك بارهەڵگر كە ملیۆنان دۆلاریان هەڵگرتووە گەیشتوونەتە بانكی بازرگانی.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش كرد، هاوردەكردنی ئەو بارهەڵگرە دۆلارانە بۆ دابینكردن و پڕكردنەوەی پێویستی و داواكارییەكانی تایبەت بە دۆلارە.

سەرچاوەكە سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشاوە كە لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەك بارهەڵگری دیكەی پڕ لە دۆلاری ئەمەریكی دەگاتە عێراق.

رۆژی 7ـی تشرینی دووەمی 2023، عه‌لی توركی، ئەندامی ‌لیژنه‌ی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگه‌یاند، سێ هۆكار له‌پشت دابەزینی بەهای دیناری عێراقین بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی.

عه‌لی توركی رایگەیاند "هۆكاری یه‌كه‌م بۆ دابەزینی بەهای دینار، په‌یوه‌سته‌ به‌و شه‌ڕه‌ ئابوورییه‌ی كه‌ ئیداره‌ی واشنتن له‌ سه‌ره‌تای پێكهێنانی حكومه‌تی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایگه‌یاندووه‌ له‌پێناو شكستهێنان و رووخانی حكومه‌ته‌ له‌لایه‌ن بانكی فیدراڵی ئه‌مەریكاوه‌".

له‌باره‌ی هۆكاری دووه‌میش، ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی ئاماژه‌یداوه‌: "سیاسه‌تی بانكی ناوه‌ندی عێراق شكستی هێناوه‌ له ‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ راگرتنی به‌رده‌وامی دابەزینی بەهای دینار، به‌تایبه‌تیش دواخستنی داواكاری پێدانی دۆلار به‌ بازرگانه‌كان".

راشیگەیاند: "هۆكاری سێیه‌میش په‌یوه‌سته‌ به‌ كێشه‌ی نه‌بوونی نه‌ختینه‌وه‌ هه‌یه‌‌، به‌جۆرێك ئه‌م نه‌ختینه‌یه‌ له ‌ساڵی 1999ـه‌وه‌ له‌ بانك و دامه‌زراوه‌ ناوخۆییه‌كان بوونی نییه‌".