پەرلەمانی دانیمارک سووتاندنی قورئانی پیرۆز قەدەغەدەکات

پەرلەمانی دانیمارک
پەرلەمانی دانیمارک

K24 – هەولێر:

پەرلەمانی دانیمارک پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد کە سووتاندنی قورئانی پیرۆز قەدەغەدەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (7ـی کانوونی یەکەمی 2023) پەرلەمانی دانیمارک لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد کە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە شوێنە گشتییەکانی قەدەغەدەکات.

ئەمساڵ دانیمارک و سوید زنجیرەیەک ناڕەزایەتی گشتیان بەخۆیەوە بینیوە کە چالاکوانی دژە دینی ئیسلام چەند جارێک قورئانی پیرۆزیان سوتاندووە، کە ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزیاتی موسڵمانان لەسەر ئەو رەفتارە.

حکومەتی دانیمارک ترسی ئەوەی هەبوو کە سووتاندنی بەردەوامی قورئانی پیرۆز ببێتە هۆی دەستپێکردنی هێرشی ئیسلامەکان لەو وڵاتە بۆسەر چالاکوانەکانی دژە دینی ئیسلام، هەروەها رەخنەگرانی ناوخۆیی لە سوید و دانیمارک باسیان لەوە کردووە، کە هەر سنووردارکردنێک بۆ رەخنەگرتن لە ئایین، لەوانەش سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئازادییە لیبراڵییەکان لە ناوچەکەدا تێکدەدات.

هاوکات حکومەتی هاوپەیمانی ناوەندی دانیمارک ئاماژەی بەوەکردووە، کە یاسا نوێیەکان تەنیا کاریگەرییەکی کەمیان لەسەر ئازادی قسەکردن دەبێت و رەخنەگرتن لە ئایین بە شێوازی دیکە بە یاسایی دەمێنێتەوە.

رۆژی هەینی (27ــی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی دادی دانیمارک بڵاویکردەوە، پڕۆژەیاسایەکیان بۆ قەدەغەکردنی سووتاندنیی کتێبە پیرۆزەکان ئاراستەی پەرلەمان کردووە، ئامانج لە پڕۆژەیاساکەش رێگریکردنە لەمامەڵەی ناشایستە لەگەڵ ئەو کتێبانەی بەپیرۆز دادەنرێن. بەدیاریکراویش کتێبە ئایینییەکان.

پێشتریش لارس لۆکێ راسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان لە رێگای رێگریکردن لە سووتاندنی قورئان گرژییەکان کەم بکەنەوە.