هاوپەیمانان: لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکان خێراتر دەکەین

ٍشاندی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە
ٍشاندی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە

K24-هەولێر:

فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەتوانن هەنگاوەکانی چاکسازیی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (7ـی کانوونی یەکەمی 2023)، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و ئیدارەومیرە، لەگەڵ بەرپرسی بنکەی ئۆپەراسیۆنەکان و بەڕێوبەری جوڵانەوەی سەربازیی و کۆڵۆنێڵ مەکێنزی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان و تیمێکی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان کۆبوونەوە.

بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا کارنامەی هێزی پێشمەرگە وەک خاڵە گرنگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە، هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە و، ئاماژەی بەوەشدا پلانیان جێبەجێکردنی تەواوی بەرنامە و برگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و، دامەزراوەیکردنی سەربازییانەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەی هاوتابێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەربازیی سەردەم.

شاندی هێزەکانی هاوپەیمانان رایانگەیاند، بەگرنگییەوە لە هەوڵ و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دەڕوانن بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتنامەکە. هاوکات ئاماژەیان بەوەدا، بەهاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە، دەتوانن  پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە و پڕۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکان خێرا بکەن.

کارزان حەیدەر