شۆخان شوانی: هەوڵدەدەین پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووك هەڵبژێرین

شۆخان شوانی، کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
شۆخان شوانی، کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

K24 – هەولێر:

کاندیدێکی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رایدەگەیەنێت؛ پارتی دەیەوێت خزمەتگوزاری زیاتر بە کەرکووك بگەیەنێت. دەشڵێت: "هەوڵدەدەین پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووك هەڵبژێرین".

شۆخان شوانی، کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە بە پێی یاسا و ئەو دەنگانەی کە لەم هەڵبژاردنە بەدەستی دەهێنین، بەڵێنمان داوە پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بگۆڕین.

ئەو کاندیدەی پارتی راشیگەیاند، لەم هەڵبژاردنەدا لە رێگەی سەرکەوتنی لیستەکەیان دەتوانن دیمۆگرافیای ئێستای کەرکووک بگۆڕن و یەکسانی و دادپەروەری بگەڕێننەوە بۆ شارەکە، گوتیشی: وادەکەین سەرجەم گەڕەکەکانی شاری کەرکووک بەبێ جیاوازی خزمەتگوزارییان پێبگات.

لەبارەی بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ناوبراو دەڵێت: ئێمە بەرنامەمان وایە جیاوازی نەکەین لەنێوان پێکهاتە و نەتەوەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە دەبێت پابەندی یەکترقبوڵکردن لە شارەکە بین.

شۆخان شوانی، ئاماژەی بەوەدا، ئەم هەڵبژاردنە گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە و دەبێت ئێمە کورد بۆ ئەو پرۆسەیە زۆر بە جیددی خۆمان ئامادەبکەین و بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە کورد زۆرینەیە لە شارەکە، هاوکات بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە بتوانین پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دابنێین و بەبێ جیاوازی خزمەتی دانیشتووانی شاری کەرکووک دەکەین.

ئەو کاندیدەی پارتی، گوتیشی: بەڵێنمانداوە ئەگەر لەم هەڵبژاردنە سەرکەوتوو بین و زۆرینە بەدەستبهێنین ماددەی 140 کارا دەکەین و بەپێی یاسا و دەستوور کاردەکەین و ئەمەش خۆی لەخۆیدا وا دەکات کە تەعریبکردن لەم شارە نەمێنێت.

شۆخان شوانی، بەڵێنی ئەوە دەدات؛ کە پێشمەرگە ئاسا لە خزمەتکردنی خەڵک و شاری کەرکووک بەردەوامبێت.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.