بەرنامەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان دەستیپێکرد

بەرنامەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان
بەرنامەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان

K24 – هەولێر:

ئێستا لە شاشە و سۆشیال میدیای کوردستان24، سێیەم بەرنامەی "ئێکس لەگەڵ کۆڤان" بە میوانداریی فایەق گوڵپی و ئاری هەرسین پێشکەش دەکرێت.

بەرنامەی ئەمشەو (7ـی کانوونی یەکەمی 2023)ـی ئێکس لەگەڵ کۆڤان، تایبەتە بە پرسی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و شەڕی دەیان ساڵەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کە بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و شوێنە گەشتیارییەکان و گوندەکان گەیشتووە بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری.

بەرنامەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان، بەرنامەیەکی وەرزی نوێی کوردستان24ـە کە بەرنامەیەکی گفتوگۆئامێزی ئاراستە و بیروبۆچوونە جیاوازەکانە و لەلایەن رۆژنامەنووس کۆڤان عزەتەوە پێشکەش دەکرێت.

ئەم بەرنامەیە هەموو رۆژانی پێنجشەممە کاتژمێر 9:00ـی شەو لە شاشە و پلاتفۆڕمەکانی دامەزراوەی کوردستان24 بڵاودەکرێتەوە و لە هەر بەرنامەیەکدا باس لە بابەتێکی گرنگ و گەرماوگەرمی رۆژ دەکات و وەڵامی پرسیارەکانی دەبێت و نابێتی ئەو پرسانە دەداتەوە کە لای هاووڵاتییان جێگەی پرسیار و وردبوونەوەیە.

رۆژی (23ـی تشرینی دووەمی 2023) یەکەم بەرنامەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان، بە میوانداریی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد و د. ئیدریس کاریتانی پێشکەش کرا کە تەوەری بەرنامەکە باسکردن بوو لە دۆخی غەززە و هاوکاریکردن و پشتیوانی فەڵەستینییەکان لە روانگەی شەریعەتی ئیسلامەوە لەلایەن موسوڵمانان و گرووپە ئیسلامییەکانی وڵاتانی دیکەوە.

بەرنامەی دووەم لە رۆژی (30ـی تشرینی دووەمی 2023) تایبەت بوو بە دۆخی کەرکووک و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە ماوەی 18 ساڵە ئەنجام نەدراوە، بە میوانداریی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق پێشکەش کرا.