سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک باڵیۆز و کونسوڵ و نێردەی وڵاتان کۆدەبێتەوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژمارەیەک باڵیۆز و کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێوارەخوانێکی تایبەتدا بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵدا، پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتەیەکدا، پیرۆزبایی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵی لێکردن و هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و سەرکەوتنی بۆ خواستن.

هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە شەڕو ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و نیگەرانی و  خەمگینی خۆی بۆ گیان لە دەستدانی قوربانییانی سڤیل دەربڕی و جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوازێکی ئاشتییانە کردەوە. هەروەها داوایکرد کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لە ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیانی خەڵک کرد و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نيودەوڵەتی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.