نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزی

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

نرخی مریشک دابەزی، خاوەن کێڵگەیەکی پەلەوەر دەڵێت: نرخەکەی بۆ هەر کیلۆیەک هەزار دینار دابەزیووە، پێشتر نرخی یەک کیلۆ مریشک لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتبووە 4 هەزار دینار. ئێستا لە کێڵگە پەلەوەرییەکان نرخی یەك کیلۆ لە نێوان دوو هەزار و 400 بۆ دوو هەزار و 600 دینار دایە، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵیش دەڵێت: کار بۆ جێگیرکردنی نرخی مریشك لە بازاڕەکان دەکەین.

لە هەرێمی کوردستان ساڵانە 265 هەزار تۆن مریشک لە 1908 پرۆژە بەرهەم دەهێندرێت و 147 هەزار تۆنی بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، لە پلان دایە وەک هەر بەرهەمێکی دیکە جگە لە ناوەراست و خوارووی عێراق بنێردرێت بۆ دەرەوە و نرخەکەشی لە بازاردا جێگیر بکرێت.