پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: ئەرکی هێزەکانمان لە عێراق رووبەڕووبوونەوەی داعشە

پێنتاگۆن
پێنتاگۆن

K24 – واشنتن:

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، حکومەتی عێراق هاوکاربووە لە پاراستنی هێزەکانیان لە عێراق و ناوچەکە، هەرەها مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (7ـی کانوونی یەکەمی 2023) سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، ئەرکی هێزەکانیان لە عێراق رووبەڕووبوونەوەی داعشە.

سابرینا سینگ، باسی لەوەکرد، 78 هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.

جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، گوتی: بەهۆی هێرشەکانەوە، 66 سەرباز و کارمەندیان برینداربوونە، بەڵام برینەکانیان سووک بووە و هەموویان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، هێرشەکانی ئەم دواییانەیان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان توند و کاریگەر بوون. گوتیشی: لەکات و شوێنی گونجاو وەڵاممان بۆ هێرشەکان دەبێت.

ئەمەش لەکاتێدایە، رۆژی شەممە (2ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بە کوردستان24ـی راگەیاند: "چەند هێرشێکی مووشەکی کرانە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی شەدادی، لە باشووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان". بە گوێرەی هەمان سەرچاوە بۆ کوردستان24، "هێرشە مووشەکییەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە".

پێشتریش تۆماس سێیلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق راگەیاندبوو، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە، گرووپە عێراقییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمان وەستاندووە و هیواخوازین جارێکی دیکە بۆ ئاگربەستی پێشوو لە عێراق بگەڕێینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، په‌یوه‌ندی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت و ئامانجمان بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی به‌رهه‌مدارە.