هێرشکرایە سەر بارەگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند لەلایەن گرووپەکانی لە یاسا دەرچووەوە هێرش کراوەتە سەر بارەگاکەیان و زیانی ماددی بە ئۆتۆمبێل و باڵەخانەکان گەیاندووە.

رۆژی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی مووشەکەوە هێرشکرایە سەر بارەگای دەزگاکەیان و زیانی ماددی بە ئۆتۆمبێل و باڵەخانەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتووە.

گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هێرشە لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکان ئەنجامدراوە و جەختی کردەوە دەست دەکەن بە بەدواداچوون بۆ بکەرانی ئەو کارە و رووبەڕووی دادگایان دەکەنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لایەنە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە و رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە، هاوکات جەختی لەسەر پاراستنی نێردە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، سوودانی داوای لە هەموو فەرماندە ئەمنییەکان کردووە هەموو ئەوانەی بەشداربوونە لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا رووبەڕووی دادگا بکەنەوە.

یەحیا رەسوول باسی لەوەشکردووە، بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێگەی قبوڵکردن نییە و بیانووی بۆ نییە و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەشی بە دەرچوو لە یاسا وەسفکرد.