سەدا 90ـی کارەکانی پردی نوێی دەربەندی رانیە تەواوبوون

پردی نوێی دەربەندی رانیە
پردی نوێی دەربەندی رانیە

K24 – رانیە:

پردی نوێی دەربەندی رانیە کە گوژمەی 12 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، 90%‏ کارەکانی تەواوبووە. ئەگەرچی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دابینکردنی مووچی فەرمانبەرانی لە پێشینەی خەرجیەکانی داناوە، بەڵام سەدان پڕۆژەی گرنگ کە ئێستا لە بواری جێبەجێکردندان، نەوەستاون و رۆژانە حكومەت خەرجی تێچوونیان دابیندەکات.

لە رابردوو پێش ساڵی 2007، ھاتووچۆ لەمبەر بۆ ئەوبەری دەربەندی رانیە بە قەیاغ بووە، ئەوە ھەم بارگرانی، ھەم مەترسی زۆری لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان ھەبوو، بەڵام دوای 2007 پردێک لەمبەر بۆ ئەوبەری دەربەندی رانیە دروستکرا، بەڵام خواستی ھاتووچۆی بە تایبەت بۆ گواستنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی جووتیاران و گوندنشینان پڕ نەدەکردەوە و بارھەڵگر لەسەری ھاتووچۆی نەدەکرد .

بە گوتەی هاووڵاتییانی ناوچەکە، ئەم پرۆژەیە بۆ خەڵکی ناوچەکە زۆر گرنگە، پێش ساڵی 2007 خەڵک بۆ پەڕینەوە لەمبەر بۆ ئەو بەری پردەکە بە قەیاغ هاتووچۆی دەکرد و تووشی ناڕەحەتی و ئەستەمییەکی زۆر دەبوونەوە.

پردی دەربەندی رانیە کە دەڤەری راپەرین و سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، چاوەروان دەکرێ سەرەتای ساڵی داھاتوو کارەکانی تەواو ببن، پردەکە 12 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، کارکردن تێیدا بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت سەرەتای ساڵی داهاتوو کارەکانی تەواو بێت.

ئەندازیار تاریق خدر، بەڕێوبەری رێگاوبان و چاککردنی راپەرین بە کوردستان24ـی راگەیاند، گوژمەی دروستکردنی پردی دەربەند 12 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، 90%ـی کارەکانی تەواو بووە.

پردی نوێی دەربەندی رانیە، درێژیەکەی 408 مەتر و پانی 15 مەتر و بەرزییەکەی 32 مەترە، لە تەنیشتەکانی شوێنی ھاتووچۆی ھاووڵاتییان دروستکراوە، پردەکە ئەمبەر و ئەوبەری دەربەندی رانیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.