سابرینا سینگ بۆ کوردستان24: ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا هیچیان سەرکەوتوو نەبوون

سابرینا سینگ وەڵامی عیسا حەسەن دەداتەوە
سابرینا سینگ وەڵامی عیسا حەسەن دەداتەوە

K24 – واشنتن:

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، هێزەکانیان لەسەر بانگێشتی حکومەتی عێراق ماونەتەوە و ئەرکیان لەناوبردنی داعشە. ئەو هێرشانەشی کراونەتە سەر هێزەکانیان هیچیان سەرکەوتوو نەبوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) زیاتر لە 10 مووشەک لە ناوچەی سەوزی بەغدا کەوتنەخوارەوە کە بەشێکیان لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بوون و مەبەستبووە باڵیۆزخانەکە بکرێتە ئامانج.

لەلایەن خۆیەوە، سابرینا سینگ جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هێزەکانیان لەسەر بانگێشتی حکومەتی عێراق ماونەتەوە و ئەرکیان لەناوبردنی داعشە. ئەو هێرشانەشی کراونەتە سەر هێزەکانیان هیچیان سەرکەوتوو نەبوون.

لەگەڵ بەردەوامی شەڕی ئیسرائیل و حەماس جارێکی دیکە ئەمەریکا کرایە ئامانج و چەند مووشەکێک لە ناوچەی سەوزی بەغدا و لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا کەوتنەخوارەوە.

سابرینا سینگ گوتی، "ئێمە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لەو وڵاتە ماوینەتەوە. ئەوان یەکێکن لە هاوبەشەکانمان و هێزەکانی ئەمەریکایان پاراستووە. بە دڵنیاییەوە هۆکاری مانەوەمان لە عێراق بۆ لەناوبردنی تەواوەتی داعشە، سوپای عێراقیش لەو ئەرکەدا هاوبەشە. لەو هێرشانەشی دەکرێنە سەرمان، وەڵاممان هەبووە و توانیومانە بنکە و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسداران لەناوبەرین. ئەو هێرشانەشی کراونەتە سەر هێزەکانمان سەرکەوتوو نەبوون."

جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتیشی، "لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە نزیکەی 78 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا، تاوەکو 4ی ئەم مانگەش 66 سەربازمان بە سووکی برینداربوون و ئێستاش گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان."

هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەکاتێکدایە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەفتەی رابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاند، دەبێت حکومەتەکەی پابەندی پاراستنی هەموو ئەو هێز و دامەزراوە ئەمەریکییانە بێت، کە لەسەر داوای وڵاتەکەی لە عێراقن.

دوای هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لایەنە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە و رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە، هاوکات جەختی لەسەر پاراستنی نێردە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، سوودانی داوای لە هەموو فەرماندە ئەمنییەکان کردووە هەموو ئەوانەی بەشداربوونە لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا رووبەڕووی دادگا بکەنەوە.

یەحیا رەسوول باسی لەوەشکردووە، بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێگەی قبوڵکردن نییە و بیانووی بۆ نییە و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەشی بە دەرچوو لە یاسا وەسفکرد.