چوارچێوەی هەماهەنگی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی

K24 – هەولێر:

چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا پاڵپشتی لە رێکارەکانی حکومەت کرد و هاوکات سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە عێراق کرد.

ئەمڕۆ هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) چوارچێوەی هەماهەنگی لەمیانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان ئەنجامداوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئەمنی وڵات و دەستدرێژییە تیرۆرستییەکان رەت دەکەنەوە کە ئاسایش و سەروەری وڵات دەکەنە ئامانج و پاڵپشتی لە رێکارەکانی حکومەت دەکەن.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەکەن، هەروەها پەرۆشی بەردەوامی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دووپاتکردەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (8ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویانکردەوە، ژمارەیەک مووشەک لەنزیکی باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا لەناوچەی سەوزی بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە.

ئەو سەرچاوە ئەمنییانە باسیان لەوەشکردووە، لەدوای ئاراستەکردنی مووشەکەکان، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لەدەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا و ناو باڵیۆزخانەکە چالاککراوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چەند مووشەکێک بەر باڵیۆزخانەکە کەوتوون و دۆخی لەناکاو راگەیەندراوە.

لەدوای هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە هاوکات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانیشە لەمیانەی راگەیاندراوێکدا باسی لەوەکردووە، یاریکردن بەسەقامگیری عێراق، لەکەدارکردنی ناوبانگی سیاسی وڵات و هێرش بۆسەر ئەو شوێنانەی بەیاسا پارێزراون، سەرجەمییان کاری تیرۆریستین.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ئامانجگرتنی نوێنه‌رایه‌تییه‌ دیپلۆماسییه‌كان له‌ عێراق قبوڵكراو نییه‌، ناوبراو روونیکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و دەزگا حکومییەکان ئەرکییان پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و پابەند بوونە بەرێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنیی ئەو نێردانە. جەختی لەوەشکردەوە، رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە دەستدرێژی دەکەنە  سەر سەروەری و سەقامگیری عێراق.