پێنتاگۆن: ئەمڕۆ پێنج هێرشی جیاجیا کراونتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا

پێنتاگۆن
پێنتاگۆن

K24 -هەولێر:

بەرپرسێکی"پێنتاگۆن" رایگەیاند، لە 17ـی ئۆكتۆبەرەوە 84 هێرشكراونەتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، کە 41 هێرش لە عێراق و 43ی دیكەش لە سووریا.

ئەمڕۆ هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەرپرسێکی "پێنتاگۆن" تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەنیا ئەمڕۆ پێنج هێرشکراونەتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، کە سێ هێرشیان لە سووریا و لە عێراقیش دوو هێرشكراونەتە سەر بنكە سەربازییەكانیان.

ئەو بەرپرسەی "پێنتاگۆن" ئاماژەی بەوەدا، لە 17ـی ئۆكتۆبەرەوە 84 هێرشكراونەتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، کە 41 هێرش لە عێراق و 43ـی دیکەش لە سووریا کراونەتە سەریان.

باسی لەوەشکرد، سەرجەم هێرشەكانیش لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكرا و مووشەكی بالیستییەوە ئەنجامدراون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (8ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویانکردەوە، ژمارەیەک مووشەک لەنزیکی باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا لەناوچەی سەوزی بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە.

ئەو سەرچاوە ئەمنییانە باسیان لەوەشکردووە، لەدوای ئاراستەکردنی مووشەکەکان، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لەدەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا و ناو باڵیۆزخانەکە چالاککراوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چەند مووشەکێک بەر باڵیۆزخانەکە کەوتوون و دۆخی لەناکاو راگەیەندراوە.

لەدوای هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە هاوکات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانیشە لەمیانەی راگەیاندراوێکدا باسی لەوەکردووە، یاریکردن بەسەقامگیری عێراق، لەکەدارکردنی ناوبانگی سیاسی وڵات و هێرش بۆسەر ئەو شوێنانەی بەیاسا پارێزراون، سەرجەمییان کاری تیرۆریستین.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ئامانجگرتنی نوێنه‌رایه‌تییه‌ دیپلۆماسییه‌كان له‌ عێراق قبوڵكراو نییه‌، ناوبراو روونیکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و دەزگا حکومییەکان ئەرکییان پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و پابەند بوونە بەرێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنیی ئەو نێردانە. جەختی لەوەشکردەوە، رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە دەستدرێژی دەکەنە  سەر سەروەری و سەقامگیری عێراق.