سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سۆران، پەیوەندی بە بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە هەرچی پێویستە بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی رووداوەکە بکەن.

ئەمشەو هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەدواداچوونی رووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوەی باڵاخانەیەک لە سۆران، لە رێی تەلەفۆنەوە، پەیوەندیی بە هەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە کرد.

سەرۆکوزیران مەسرور بارزانی وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە هەرچی پێویستە بۆ هاوکاری و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی رووداوەکە بکەن.

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایسپاردن لێکۆڵینەوەی ورد و جددی لەبارەی هۆکاری روودانی ئەو کارەساتە بکەن، بەدواداچوونیش بۆ رێکارەکانی سەلامەتیی لە باڵاخانە و شوێنە گشتیی و تایبەتەکان بکرێت.

لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.