شێروان شەریف قورتاس: ئەو باڵەخانەیەی ئاگری لێکەوتەوە پەیوەندی بە زانکۆی سۆرانەوە نییە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی زانکۆی سۆران رایگەیاند، ئەو باڵەخانەیەی لە سۆران ئاگری لێکەوتەوە، بەشەناوخۆیی زانکۆکەیان نەبووە بەڵکو بەشێک لە مامۆستایان و قوتابییانی خوێندنی باڵا خۆیان بەکرێیان گرتووە بۆ نیشتەجێبوون.

رۆژی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوو مامۆستای زانکۆی سۆران کە یەکێکیان پرۆفیسیۆری یاریدەدەر و ئەوەی دیکەیان د. ئیلهام لە کۆلیژی یاسا لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها سەرۆکی زانکۆی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد، دوو لە قوربانییەکانی دیکە کە هاوسەری یەکترن، بەناوی مستەفا ئیسماعیل، قوتابی ماستەر لە بەشی زمانی عەرەبی و هاوژینەکەی لەو باڵەخانەیە نیشتەجێبوون، گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆکی زانکۆی سۆران روونیکردەوە، هەموو مامۆستایانی زانکۆی سۆران شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابینکراوە بەڵام ئەو مامۆستا و قوتابییانەی خوێندنی باڵا خۆیان بۆ خێزانەکانیان ئەو شوێنەیان بۆ ژیانکردن هەڵبژاردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە زانکۆی سۆرانەوە نەبووە.

ئەمشەو هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.