بەرپرسێکی ئیسرائیل: ئۆپەراسیۆنەکانی خان یونس لە ماوەی سێ هەفتەدا کۆتایی دێت

K24 - هەولیر

بەرپرسێکی ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کە لە دژی بزووتنەوەی حەماس دەستیپێکردووە، لە ماوەی سێ هەفتەدا کۆتایی دێت.

ئەمڕۆ شەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2023، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە ئاژانسی "ئاکسیۆس پرێس"ی راگەیاندووە، بە پێشبینی ئیسرائیل لە ماوەی سێ هەفتەدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کۆتایی پێدێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئیسرائیل پێشکەوتنی بەرچاوی لە بەشی باکووری کەرتی غەززە بەدەستهێناوە.

ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل، گوتیشی: "ئەمەریکا ناتوانێت وادەیەک بۆ ئیسرائیل و وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل دیاری بکات، بەڵکو تەنیا ئاماژە بە تەواو بوونی کاتەوە دەکات".

دەشڵێت: "ئیسرائیل ئامانجی ئەوەیە تا کۆتایی مانگی یەک کۆتایی بە کارەکەی بهێنیت، هەروەها ئەمەریکا دەیەوێت بە خێرایی و بە کەمترین زیانی گیانی هاووڵاتیی مەدەنی کۆتایی بە شەڕبێت و هاوکاری مرۆیی زیاتریش بۆ غەززە دابین بکات".

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس له‌ 7ـی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو دەستیپێکردووە، کە بووه‌ هۆی كوژرانی 1200 ئیسرائیلی و زیاتر له‌ 16 هه‌زار  فه‌ڵه‌ستینی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، كه‌ زۆربه‌ی كوژراوه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ژن و منداڵن.

ئا: لاڤین عومەر