ماڵی کتێب دووەمین فێستیڤاڵی شیعر و چیرۆک رێکدەخات

K24 – هەولێر

دووەمین فێستیڤاڵی شیعر و چیرۆک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچیت و براوەی خەڵاتی یەکەمی هەردوو بواری شیعر و چیرۆک، کتێبیان بۆ چاپ دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2023، ئەسکەندەر زرار شاعیر و نووسەر، کە یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی ماڵی کتێب بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لەژێر چاودێری پارێزگاری هەولێر، ماڵی کتێب دووەمین فێستیڤاڵی شیعر و چیرۆک بەڕێوەدەچێت، فێستیڤاڵەکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانە و براوەی خەڵاتی یەکەمی هەردوو بواری شیعر و چیرۆک، کتێبیان بۆ چاپ دەکرێت.

گوتیشی: "ماوەی وەرگرتنی بەرهەمەکان تا رۆژی 25/12/2023 دەبێت و فێستیڤاڵەکە لە ناوەڕاستی مانگی یەکی 2024 بەڕێوەدەچێت، چونکە دوو لێژنە هەڵسەنگاندن بۆ دەقەکان دەکەن، ئەو فێستیڤاڵە یەک رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئەسکەندەر زرار، ئەوەشی خستەڕوو، بابەتەكان دەبێ تایپكراوی و بە فۆنتی unikur بە سایزی 14 بێت، هەروەها شیعر لە پێنج لاپەڕە زیاتر نەبێت، چیرۆك لە دوو هەزار وشە زیاتر نەبێت، نابێت بابەتەكان لە هیچ شوێنێك بڵاوكرابێتنەوە.

ماڵی کتێب ماڵێکی خۆبەخشە و لەسەر ئەرکی ژمارەیەک لە  نووسەران بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا 37 کتێبی چاپ کردووە لەگەڵ چەندین چالاکی کولتووری و فەرهەنگی هەمەڕەنگ.

ئا: لاڤین عومەر