نەوت درێژترین ماوەی داکەوتن لە 50 ساڵی رابردووی تۆماردەکات

وێنە: رۆیتەرز
وێنە: رۆیتەرز

K24 - هەولێر

سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت لە دوایین مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا بە رێژەی سەدا 2 بەرزبووەوە، بەڵام لەسەر ئاستی هەفتانە بۆ حەوتەمین هەفتە لەسەر یەک دابەزینی تۆمارکرد، ئەمەش دەبێتە درێژترین ماوەی داکەوتن لە پەنجا ساڵی رابردوویدا، هۆکارەکەشی بۆ بەردەوامی مەترسییەکانی خستنەڕوو دەگەڕێتەوە، کە باڵی بەسەر بازاڕەکاندا کێشاوە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بەرێژەی سەدا 2.4 بۆ 75.84 دۆلار و نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی سەدا 2.7 بۆ 71.23 دۆلار بەرزبووەوە.

بەڵام بە درێژایی هەفتەی رابردوو نرخی هەردوو جۆر نەوت بە رێژەی سەدا 3.8 دابەزینیان تۆمارکرد، هۆکاری سەرەکیشی بۆ مەترسی وەبەرهێنەران دەگەڕێتەوە، پێیان وایە خستنەڕوو لە بازاڕ زیاترە.

هاوکات هۆکارێکی دیکەش کە وایکرد نرخی نەوت دابەزێت، بڵاوبوونەوەی داتاکانی گومرگی چینە، کە تێیدا هاتووە، هاوردەی نەوتی خاو بە رێژەی سەدا 9 بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردووی دابەزیوە، ئەوەش وایکرد ئاستی عەمبارەکانی نەوت بەرزبێتەوە.

لە هیندستانیش، کە سێیەم زلهێزترین ئابووری جیهانە، بەهۆی کەمی گەشتکردنەوە، بەکاربردنی نەوت لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو کەمیکردووە.

فیل فلین، راوێژکار لە پرایس فیوچەرز دەڵێت: نرخی نەوت لە مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا بەرزبووەوە، ئەوەش ئاماژەیەکە بەوەی بازاڕ دوای ئەو ماوەیە لە داکەوتن زەمینەیەکی لە باری دۆزیوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی کاری ئەمەریکا، بازاڕی کار لە وڵاتەکە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە. بەهێزبوونی بازاڕی کاریش ئاماژەیەکی ئەرێنییە و پاڵپشتی لە زیادبوونی خواست بۆ سووتەمەنی دەکات.

هاوکات، نرخی بەنزین لە گرێبەستەکانی داهاتووی، بە رێژەی سەدا 3 بەرزبووەوە، دوای ئەوەی بۆ کەمترین ئاستی دوو ساڵی رابردووی دابەزی.

هەر یەکە لە سعوودیە و رووسیاش، کە دوو گەورەترین هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەسن داوا دەکەن ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمبێتەوە، کە لە بەرژەوەندی ئابووری جیهانە.