ئانۆ جەوهەر: زۆربەی کریستیانەکانی کوردستان نیشتەجێی هەولێر و دهۆکن

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەدا 99ی کریستیانەکانی کوردستان لە هەولێر و دهۆک نیشتەجێن.

ئەمڕۆ شەممە 9/12/2023، لایەنە سیاسییەکانی تورکمان و کریستیان لە هەولێر لەبارەی پرسی کۆتاکان کۆبوونەوە، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە ئانۆ جەوهەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "گەلی کورد لەم نیشتمانەدا زۆرینەن و ئێمە هاونیشتمانی و هاوخەباتی یەکترین، کورد لە هەموو ناوچەکانی کوردستان هەن، بەڵام تورکمان، کلدان، سریان و ئاشووری وانین لە هەموو ناوچەکان نیشتەجێ نین، بۆ نموونە زۆرینەی تورکمانەکان لە هەولێر و دهۆک نیشتەجێن، بە هەمان شێوە سەدا 99ی کلدان، سریان و ئاشووری لە هەولێر و دهۆک نیشتەجێن، بۆیە داواکارین لە گفتوگۆکانمان بگەینە هەڵوێستێکی یەکگرتوو، لەسەر بەرگریکردن لە مافەکانمان".

ئەوە لەکاتێکدایە دوو سکاڵا لەبارەی کورسی کۆتاکان و شێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراون، بڕیاربوو لە 3ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر ئەو سکاڵایانە بدات، بەڵام بۆ دووەم جار دوایخست.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

بەگوێرەى مادەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانى کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێن، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن، هەروەها پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.