لە سنووری سۆران پڕۆژەیەکی ئاو جێبەجێ دەکرێت

دیمەنێکی ناحیەی بەرمیزە
دیمەنێکی ناحیەی بەرمیزە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری ئاوی سۆران رایگەیاند، بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی کەم ئاوی، ناحیەی بەرمیزە لە سنووری قەزای سیدەكان، پڕۆژەیەكی گەورەی ئاو جێبەجێ دەكرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئەندازیار تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە بەردەوامی كار و پڕۆژەخزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی ناحیەی بەرمیزە سەر بە قەزای سیدەكان کە گرفتی کەم ئاوییان هەبوو، چەند هەوڵی ئەوەمانداوە ئەو گرفتە چارەسەربکەین، کە بەهۆی وشکە ساڵییەوە ناحیەیەکە تووش ببون، بەو هۆیەوە دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە دەکرێت".

گوتیشی: "پرۆژەکە بە گوژمەی یەك ملیار دینارە، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە رێگەی بەڵێندەرایەتی بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران ئەنجام دەدرێت و لە ئێستادا دراوەتە دەست کۆمپانیایەکی جێبەجێکار، بۆ ئەوەی بەزووترین کات بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان".

ئا: لاڤین عومەر