سامی شەبەک: دەمانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یەک بازنەیی بکرێت

پێکهاتەکان داوا دەکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یەک بازنەیی بکرێت
پێکهاتەکان داوا دەکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یەک بازنەیی بکرێت

K24 - هەولێر

سەرۆکی کۆمەڵەی لیبڕاڵی تورکمان داوا دەکات هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە یەک بازنەیی بکرێت، "بۆ ئەوەی مافی هیچ پێکهاتەیەک نەفەوتێت".

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 09-12-2023، لایەنە سیاسییەکانی تورکمان، کریستیان و کلدان و ئاشووری لەبارەی پرسی ژمارەی کورسی کۆتاکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، لە هەولێر کۆبوونەوە.

سامی شەبەک، سەرۆکی کۆمەڵەی لیبڕاڵی تورکمان دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە؛ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "داوا دەکەین ئەو سکاڵایەی لە دادگای فیدراڵی لە دژی ژمارەی کورسی پێکهاتەکان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، رەتبکرێتەوە".

سامی شەبەک ئاماژەی بەوەش کرد، "دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن، دەبێتە دەبێتە هۆی بەهەدەردانی دەنگی تورکمانەکان". گوتیشی، "پێمانباشە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە یەک بازنەیی بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی دەنگی هیچ پێکهاتەیەک نەفەوتێت".

 پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەش ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خۆیشی لە پێکهاتەی کریستیانە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "کورد لە هەموو ناوچەکانی کوردستان هەن، بەڵام تورکمان، کلدان، سریان و ئاشووری وانین لە هەموو ناوچەکان نیشتەجێ نین. بۆ نموونە زۆرینەی تورکمانەکان لە هەولێر و دهۆک نیشتەجێن، بە هەمان شێوە سەدا 99ی کلدان، سریان و ئاشووری لە هەولێر و دهۆک نیشتەجێن، بۆیە داواکارین لە گفتوگۆکانمان بگەینە هەڵوێستێکی یەکگرتوو، لەسەر بەرگریکردن لە مافەکانمان".

رۆژی یەکشەممە، 03-12-2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کۆبووەوە، بەڵام دانیشتنەکە بۆ رۆژی 27-12-2023 دواخرا.

سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.

بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان لەژێر سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.