ئێران فشار لە سووریا دەکات بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی

"بڕی قەرزەکانی ئێران لە سووریا 50 ملیار دۆلارە"

K24 - هەولێر

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئێران گوشارەکانی لەسەر دیمەشق زیاد کردووە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی، کە بڕی 50 ملیار دۆلارە، لەسەر ئەم بابەتەش پێنج رێککەوتنی گەورە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان لە نێوان هەردوولا واژۆکراون.

 سەرچاوەکانی ئابووریی و بەدواداچوونەکان لە دیمەشق رایانگەیاندووە، ئێران لەم دواییانەدا گوشارەکانی لەسەر دیمەشق زیاد کردووە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی، کە بڕی قەرزەکەی 50 ملیار دۆلارە، بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە پێشتر بڵاوکراونەتەوە، لە میانەی سەردانەکەی سەرۆکی ئێران بۆ دیمەشق، پێنج رێککەوتنی گەورە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان واژۆکران، لەوانە وەبەرهێنانی مانگای زاهید لە تەرتوس و ئەوی دیکەیان لە دێرەزوور کە زەوییە کشتوکاڵییەکەی پێنج هەزار هێکتارە و کانزای فۆسفات و بیرە نەوتییەکان و پڕۆژەیەکی پەیوەندی دەگرێتەوە.

سەرچاوەکان دەڵێن: ئێران هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ چالاککردنی هێڵی گواستنەوەی وشکانی بەناو عێراقدا بۆ سووریا، جگە لە هێڵێکی گواستنەوەی رێکخراو و نا رێکخراو لە نێوان بەندەرەکانی ئێران و سووریا. بە ئامانجی چالاککردنی هێڵێکی بازرگانی دابڕاو بۆ خۆ بەدوورگرتن لە سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، ئەم پڕۆژەیەش لە ئێران پێی دەگوترێت رێڕەوی رۆژهەڵات و رۆژئاوا. هەروەها رێککەوتنی کەمکردنەوەی باجی گومرگی نێوان هەردوو وڵات لەم دواییانەدا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، مامەڵە داراییەکانیش بە تومەنی ئێرانی دەکرێت لە بری دۆلار.

عەلی فیکری، یاریدەدەری وەزیری ئابووری ئێران، کاتێک لە مانگی ئایاری رابردوودا دەروازەی ئەلبو کەمالی بەسەرکردەوە کە لەسەر سنووری سووریا و ئێرانە گوتی " گواستنەوەی کاڵاکان لەگەڵ سووریا هێشتا بازنەیەکی بازرگانی ونبووە لە رێڕەوی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا."

عەلی فیکری، جەختی لەسەر پێویستی تەواوکردنی پڕۆژەی پەیوەندی هێڵی شەمەندەفەر کردەوە، چونکە بەشدارە لە بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی ترانزێت لە نێوان هەردوو وڵاتدا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەیی کۆمپانیای هێڵی ئاسنی ئێرانی بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی چاکسازی دەربڕیووە. کە هێڵی شەمەندەفەر لە  دیوی سووریا، بە تەواوی هەڵوەشاوەتەوە.

ئاژانسی مێهری ئێران، لە زاری وەزیری رێگاوبانی ئێران، "مێهرداد بازریاش"ەوە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: پرۆژە رێککەوتووەکان، بەم زووانە دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. هەروەها داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هەمیشەیی وزە دەکات لە نێوان هەردوولا، بۆ درێژەدان بە چالاکییەکان تاکو جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی دوولایەنە سەبارەت بە غاز و کارەبا.

سامر خەلیل، وەزیری ئابووری سووریا باسی لە گەیشتن بە رێککەوتنی باش لە بوارەکانی گەشتیاری و ترانزێت و مامەڵەی بانکی ناوەندی ئێران لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی و کارنامەی رێککەوتنی بازرگانی ئازاد کرد.