باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق: زۆر هەست بە خەمباری دەکەم بۆ قوربانییانی رووداوەکەی سۆران

ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق
ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق سەرەخۆشی لە قوربانییانی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە سۆران دەکات و دەڵێت: پرسە و نزاکانمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکانە.

رۆژی شەممە (9ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) ئاماژەی بەوەکردووە، "زۆر هەست بە خەمباری دەکەم بۆ ئەوانەی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە کارەساتبارەکەی باڵەخانەیەک لە سۆران - هەولێر گیانیان لەدەستدا".

رۆمانۆوسکی باسی لەوەشکردووە، " پرسە و نزاکانمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکانە".

شەوی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

دوای رووداوەکەش، بە نووسراوی ژمارە (35026) لە (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە هۆکاری رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.