ئەردۆغان: کورد لە تورکیا دەتوانن هەموو جۆرە بانگەشەیەکی سیاسی بە زمانی کوردی بکەن

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 – هەولێر:

سەرۆککماری تورکیا رایگەیاند، پێش ئاکپارتی زمانی کوردی لە تورکیا قەدەغە بووە بەڵام ئێستا کورد لە تورکیا دەتوانن هەموو جۆرە بانگەشەیەکی سیاسی بە زمانی کوردی بکەن.

رۆژی شەممە (9ـی کانوونی یەکەمی 2023) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسی تایبەت بە رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، پێش هاتنە دەسەڵاتی ئاکپارتی زمانی کوردی لە وڵاتەکەی قەدەغە بووە، بەڵام ئەوان قەدەغەکەیان هەڵگرتووە و بواریان بۆ فێربوونی زمانی کوردی رەخساندووە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی "جگە لە زمانی تورکی، بوارمان بە فێربوونی زمان و زاراوەکانی دیکە داوە. دەرفەتمان رەخساندووە بۆ ئەوەی لەرێگەی ئەم زمانانەوە بانگەشەی سیاسی بکرێت و رادیۆ و تەلەفزیۆنیشمان بۆیان کردووەتەوە".

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، "زمانی کوردی قەدەغە نەبوو؟ بەڵێ قەدەغە بوو. ئێمە رێگەی زمانی کوردیمان کردووەتەوە. ئەمڕۆ هاووڵاتی و برایانی کورد دەتوانن هەموو جۆرە بانگەشەیەکی سیاسی بە زمانی کوردی بکەن، ئێمە ئەم رێگەیەمان کردووەتەوە".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ یەکەم جار لە سەردەمی ئێمەدا تاوانی نەفرەت چووەتە نێو سیستمی دادگەریی و سزاکان و بە تاوان ناسێندراوە".