ئەمەریکا سزا بەسەر دەیان کەس لە جیهاندا دەسەپێنێ

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا

K24-هەولێر:

بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزا بەسەر دەیان کەس لەسەر ئاستی جیهاندا دەسەپێنێت.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا  سزای بەسەر دەیان کەس لە جیهاندا سەپاند کە لەنێوانیاندا دوو بەرپرسی ئێرانی هەیە، بە قسەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەو دوو بەرپرسە ئێرانیە بەشداریان کردووە  لە بە ئامانجگرتنی دوو بەرپرسی ئەمریکی رۆژێک پێش، رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە دەکەوێتە رۆژی یەکشەممە.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردووە، هەردوو وەزارەتی گەنجینە و دەرەوەی ئەمەریکا،  سزای سنووردارکردنی ڤیزای  چوونە ژوورەوەی بۆ 37 کەس لە 13 وڵات بە هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیا و کەنەدا چەسپاند.

لە ماوەی ساڵی رابردوودا، وەزارەتی  گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر  زیاتر لە 150 کەس و لایەن چەسپاندووە لە 10 وڵاتدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەستی بەسەر سامانەکانیان داگرتووە بەهۆی پرسێک کە پەیوەندی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە هەیە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاندووە، لیستەکە ناوی دوو بەرپرسی هەواڵگری ئێرانی تێدایە کە خەڵکیان بەکرێ گرتووە لەنێو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئەوەی چاڵاکیی تێدا ئەنجام بدەن.

وەک ئەو وەزارەتە ئاماژەی بۆ کردووە، ئەو دوو بەپرسە ئێرانیە، خەڵکیان راسپاردووە بۆ ئەوەی دوو بەرپرسی ئەمەریکا بکوژن لە تۆڵەی کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2020.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، ماجید دستجانی فەرحانی و محەممەد مەهدی خانپوور ئەردستانی، خەڵکیان بەکرێ گرتووە بۆ ئەوەی چاودێری شوێنە ئاینیەکان و کۆمپانیا و شوێنی دیکەش بکەن لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئێران بەڵێنی بە ئەمەریکا دا، تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی دیارترین فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکەی و ئەبو مەهدی موهەندیس بکاتەوە کە ساڵی 2020 لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژران.

کارزان حەیدەر