هاووڵاتییەکی کەرکووک: هەڵبژاردنی ئەمجارە شۆڕشێکی سپییە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

چەند رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ماوە و هاووڵاتییانی کوردیش هەڵبژاردنەکە بە "شۆڕشێکی سپی" ناودەبەن. دەشڵێن، "دەبێت بە دەنگدان دۆخی خراپی کەرکووک بگۆڕین".

حەسەن شکور، چەندین ساڵە لە بازاڕی شۆرجە بەقاڵە و زۆرترین بەریەکەوتنی لەگەڵ خەڵکدا هەیە. ئەم چەند رۆژەی کە ماوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەلای ئەمەوە چارەنووسسازە و پێیوایە دەبێت "بە دەنگدان" کۆتایی بەو "نادادپەروەرییە" بهێنرێت کە ماوەی شەش ساڵە لە شارەکەدا پەیڕەودەکرێت.

حەسەن دەڵێت، "ئەم هەڵبژاردنە نەتەوەییە، شۆڕشێکی سپییە بۆ پارێزگای کەرکووک. دەبێت هەموو کوردێک بچێت بۆ دەنگدان، گرنگ نییە لایەنگری کامە حیزب بێت. ئینشائەڵڵا کورد پارێزگاری کورد وەردەگرێتەوە".

هاووڵاتیی نەوزاد وەلیش باس لەوە دەکات، "زۆر گرنگە کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەنگ بدات؛ نابێت چاو لە حزبەکان بکەین. کەرکووک شایستەمانە و دەبێت هەوڵبدەین زیندووی بکەینەوە".

جگە لە حزبە کوردییەکان، هاووڵاتییانی سڤیلی کەرکووکیش هەستیان بەو مەترسییە کردووە کە ئەگەر کورد لەم هەڵبژاردنەدا زۆرینەی دەنگەکان بەدەست نەهێنێت، ناتوانێت پۆستی پارێزگار بەدەستبهێنێتەوە. 

جەبار خواکەرەم، هاووڵاتییەکی کوردی کەرکووکە و دەڵێت، "ئەگەر بمانەوێت پارێزگاری کەرکووک بەدەستبهێنینەوە، دەبێت هەمووان برۆینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەین".

ئەگەر لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان کۆسپ لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دروست نەکەن، بەپێی ئامار و داتاکان لایەنە کوردییەکان دەتوانن زیاتر لەسەدا 50ی دەنگەکان بەدەستبهێنن.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2005 کراوە. وابڕیارە، رۆژی 18ـی ئەم مانگە و دوای 18 ساڵ، جارێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بکرێتەوە. ئەنجوومەنەکە بۆ ئەم جارە لە 15 کورسی پێکدێت و، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.

لەم هەڵبژاردنەدا، تەنیا ئەو دەنگدەرانی کارتی بایۆمەترییان هەیە یاخود ناوی خۆیان تۆمارکردووە ناویان لە تۆماری دەنگدەران هەیە. کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک بریتییە لە 870 هەزار و 920 دەنگدەر. لەو ژمارەیە، 813 هەزار و 590 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 57 هەزار و 330 دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.