ئێران باندێکی رفاندنی هاووڵاتیانی بیانی دەستگیر کرد

عەلی ئەکبەر پورجەمشیدیان
عەلی ئەکبەر پورجەمشیدیان

K24 - هەولێر

بەشی پەیوەندییە گشتییەکان لە بارەگای "هەمزە سەید ئەلشوهەدا"ـی سوپای پاسدارانی ئێران، دەستگیرکردنی چوار ئەندامی یەکێک لە تۆڕە سەرەکییەکانی رفاندنی هاووڵاتیانی بیانی راگەیاند.

عەلی ئەکبەر پورجەمشیدیان، فەرماندەی بارەگای هەمزە سەید ئەلشوهەدا رایگەیاند، باندێکیان دەستگیر کردووە، کە بارمتە بیانییەکانیان لە ناوچەکانی سنووری شاری "خۆی" لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا رفاندووە.

پورجەمشیدیان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەم تۆڕە لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئەنجامدراوە، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی چوار ئەندامی یەکێک لە تۆڕە سەرەکییەکانی تاوانەکانی رفاندن و قاچاخ و دزی و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیانی بیانی".

گوتیشی: "بەڵێن بە هاووڵاتییانمان دەدەین سەربازەکانمان پابەندی بەڵێنەکەیان دەبن، بەوەی هیچ کەمتەرخەمییەک ناکەن، لە بەرگریکردن لە ئاسایش و سەلامەتی خەڵک و پاراستنی دانیشتوان".