حزبوڵڵای عێراقی هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا دەکات

"ئەوانەی هاوکاری ئەمەریکا دەکەن لە تاوانەکان هاوبەشن"

K24 - هەولێر

حزبوڵڵای عێراقی هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا دەکات و راشیدەگەیەنێت: ئەوانەی هاوکاری ئەمەریکا دەکەن لە تاوانەکان هاوبەشن.

ئەبو عەلی عەسکەری، فەرماندەی باڵای حزبوڵڵای عێراقی رایگەیاند، ئەوەی لەماوەی رابردوودا بەرامبەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا کردوویانە تەنها سەرەتا بووە، لەمەودوا هێرشەکانیان بۆسەر ئەمەریکا فراوانتر و توندتر دەکەن.

راشیگەیاند، ئەو کەسانەی بنکەکانی ئەمەریکا بە نێردەی دیپلۆماسی دادەنێن، ئەو کەسانەن دەیانەوێت پارێزگاری لە پۆست و بەرژوەندییەکانیان لە عێراق بکەن.

ئەو فەرماندەی حزبوڵڵای عێراقی، جەختی لەوەشکردەوە، "ئەو دەزگا ئەمنیانەی هاوکاری ئەمەریکا دەکەن، هاوبەشن لە تاوان".

ئەمە لەکاتێکدایە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا زیادیکردووە. بەگوێرەی لێدوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا تائێستا زیاتر لە 70 جار هێرش کراوەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا.

ئەمە لە کاتێکدایە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کردووە و ئاماژە بەوەداوە "گرووپە لە یاسادەرچووەکان نیازی ئەوەیان هەیە دووبارە هێرشکربکەنەوە سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا.

بەگوێرەی نووسراوەکە، "گرووپە لە یاسادەرچووەکان دەیانەوێت بۆشاییە ئەمنییەکانی ناوچەکە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشی زیاتر بکەنە سەر باڵیۆخانەی ئەمەریکا لە بەغدا".

ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی 8/12/2023، لەلایەن گرووپە چەکدارەکان هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا. یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، محەممەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئەو ناوچانە پێکدەهێنێت کە هێرشکراوەتەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا.