گەنجێکی کورد بۆ کۆنگرێسمانانی ئەمەریکا: خەریکە متمانەی دۆستەکانتان لەدەستدەدەن

فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆنگرێسی لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات
فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆنگرێسی لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات

K24 - هەولێر

فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆنگرێسی لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات، لە کۆڕبەندی پارتە دیموکراتەکانی جیهان لە واشنتۆن، لەبەردەم کۆنگرێسمانانی ئەمەریکا گوتی، "ئەمەریکا خەریکە متمانەی دۆستەکانی لەدەست دەدات".

فەلاح حەسەن کە بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی بەشدارە لە کۆڕبەندەکەدا، ئاماژەی بەوەش کرد، "لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بە تایبەتی لە عێراق، بەشێکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان خەریکە متمانەیان بە ئەمەریکا نامێنێت، چونکە باوەڕەیەکیان پەیداکردووە کە ئەمەریکا تا نیوەی ڕێگە لە گەڵت دێت و لە نیوەی دیکەی ڕێگەکەشدا بە تەنها جێتدەهێڵێت".

سەرۆکی کۆنگرێسی لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات لە بەشێکی قسەکانیدا باسی قارەمانێتی و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش کرد و رایگەیاند، "لە شەڕی داعشدا خۆتان دەزانن کورد و بە تایبەتی هێزی پێشمەرگە چۆن داعشی لەناوبرد. بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دراوسێکانمان بەوە تۆمەتبارمان دەکەن کە ئێمەش ئیسرائیلی دووەمین، چونکە دۆست و هاریکاریی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاواین".

گوتیشی، "کاتێک ریفراندۆمی سەربەخۆیمان ئەنجامدا، ئەمەریکا بێ دەنگی نواند، قسەی نەکرد و هاوکارمان نەبوو؛ بۆیە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئێوە دەبێت متمانەکەتان بگەڕێننەوە بۆ دۆستەکانتان، چونکە ئەوە بزانن خەڵکانێک لەگەڵتان نامێنن هەتا هەتایی ئەگەر ئێوە وابکەن، بۆیە زۆر گرنگە کە بەڵێنێتکتان دا یان گوتان ئێمە لەگەڵ ئێوەین، گرنگە هەڵوێست بنوێن و خاوەنی قسەی خۆتان بن".

کۆڕبەندی جیهانی پارتە دیموکراتەکان ساڵانە لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنجامدەدرێت. ئەمساڵ کۆڕبەندەکە رۆژی دووشەممە، 04-12-2023 دەستیپێکرد و تا رۆژی چوارشەممە، 06-12-2023 بەردەوام بوو. چەندین سەرۆک وڵات، دەیان سەرۆکی پارتە دیموکراتەکانی جیهان، وەزیر و کۆنگرێسمان لە سەرتاسەری جیهان تێیدا بەشداربوون.