عەبدولسەلام بەرواری: کورد بە یەکدەنگی دەتوانێت کۆتایی بە دۆخی نایاسایی کەرکووک بهێنێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی رایگەیاند: لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، کورد لە کەرکووک بە یەکدەنگی دەتوانێت کۆتایی بەو دۆخە نایاساییە بهێنێت کە لە کەرکووک هەیە.

عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی لەمیانی بەشداری لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "بەپێی دەستووری عێراق، ئەنجومەنی پارێزگا رۆڵێکی گرنگی هەیە، وەکو پەرلەمانە بۆ حکومەتی خۆجێی، بەتایبەتی بۆ ئێمە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەشداریکردنمان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و رۆڵمان لەناو ئەنجومەنی پارێزگاکان گرنگە، بۆیە گرنگە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەین و لە دوای هەڵبژاردنیش رێککەوتن بکەین، بەتایبەتی لە کەرکووک و نەینەوا ئەگەر وەکو کورد پێکەوە بین دەبینە زۆرینە".

گوتیشی: "لە پارێزگای نەینەوا ئەگەر پارێزگاریش بۆ کورد نەبێت، بەڵام جێگری پارێزگار مافی کوردە، لە کەرکووک وەک نەریتێک بەپێی ئەو لیستەی هەیبوو بەناوی برایەتی کە تورکمان و عەرەبیشی تێدا بوو، بۆیە کورد جگە لە دەنگەکانی خۆی دەیتوانی هەندێک دەنگی تورکمان و عەرەبیش بە دەستبهێنا".

عەبدولسەلام بەرواری، ئاماژەی بەوەشدا: "پێشتر چەند جارێک رێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکووک کراوە، ئەمجارەش هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەڵبژاردن لە کەرکووک نەکرێت".

سەبارەت بە یەکگرتوویی کورد لەو ناوچانە، دەڵێت: "یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی کورد لە دوو قۆناغ پێویستە، یەکێک لەکاتی پێکهێنانی لیست و هاوپەیمانێتی، کە بەداخەوە نەکرا و هۆکارەکان زۆرن، دوای هەڵبژاردن پێویستە نوێنەری لایەنەکان لەو ناوجانە نیشانی خەڵکی بدەن کە ئەوان لە ئاست متمانەی ئەو خەڵکەن کە دەنگیان پێداون، هیچمان لەوان ناوێت تەنیا پابەندبن بە ئەرکە نیشتمانییەکەی خۆیان، ئەگەر لە هەڵبژاردن قسەشمان بە یەکتر گوتووە و لە هەرێمی کوردستانیش کۆک نەبین، بەڵام لەوێ شەڕی نەتەوەیی و مان و نەمانە بۆ ئایندەی کەرکووک، پێویستە لەو ناوچانە هاودەنگ بین، بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتەی ئێستا لە کەرکووک و ناچەکانی دیکە پەیڕەو دەکرێت رێگری لێ بکەین، نابێ تەنیا لەوە هاوبەش بین کە پۆستەکان دابەش بکەین، بەڵکو دەبێ لەوە هاوبەش بین کە هەوڵی جددی بدەین پارێزگاری کەرکووک کورد بێت، دەبێ واز لەوە بێنین پارێزگار لە کام حزبە، تەنیا بڵێین دەبێ کورد بێت".

عەبدولسەلام بەرواری، راشیگەیاند: "ئەگەر کورد یەکدەنگ بێت کۆتایی بەو ئەو دۆخە نایاساییە دێنێت کە لە کەرکووک هەیە، ئەگەر کورد بەشداری بەرچاویان هەبێت لە رۆژی دەنگدان و زۆرینەیەکی باش بەدەست بهێنین کۆتایی بەو دۆخە دێنین، تەعریب و هەڕەشە لەسەر کورد و لاوازکردنی پێگەی کورد لە کەرکووک نامێنێ، لە نەینەوا پێگەمان خراپ نییە، راستە جێگری پارێزگار کوردە، بەڵام چونکە فراکسیۆنێکی بەهێزی لە پشتە لەناو ئەنجومەنی پارێزگا هەمیشە رۆڵێکی کارای دەگێڕا، بەبێ کورد پارێزگاری عەرەبیش دانانرێت".