رێبەر ئەحمەد: رووبەڕووبوونەوەی ئێمە لەگەڵ توندوتیژی کۆتایی نایەت

"بەردەوام دەبین لە ریشەکێش کردنی ئەو کۆسپ و بەربەستانەی لە پشت هزری توندوتیژییەوەن"
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان کۆتایی هات، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوەی ئەوان لەگەڵ توندوتیژی دژی ئافرەتان و تاکەکانی کۆمەڵگە کۆتایی نایەت، بەردەوام دەبن لە ریشەکێش کردنی ئەو کۆسپ و بەربەستانەی لە پشت هزری توندوتیژییەوەن.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی دوایین رۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، گوتی: "ئێستا هەوڵ و کۆششی هەمووان بۆ ریشەکێش کردن و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ئافرەتان و کچان لە جاران زیاتر و دلێرانەتر دەردەکەوێت، 16 رۆژی رابردوو وەبیرهێنانەوەیەکی کاریگەر و گرنگ بوو، کە بەرپرسیاریەتی هاوبەشمان تەنیا هەنگاوی تیۆری و قسەکردن نەبێت، بەڵکو هەستیاری قۆناغە وادەخوازێت کە هەنگاوی کردەیی و راستەقینە بهاوێژین، بۆ ئەوەی نەوایەکی ئارام و ژینگەیەکی دروست بکەین کە تێیدا ئافرەت بە ئازادی و بێ ترس و دڵەڕاوکێ بژیت و دووربێت لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک".

گوتیشی: "لە ماوەی ئەو چەند رۆژی کەمپینەکەدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە کاریگەریی و کاردانەوەی توندتوتیژی لەسەر بنەمای رەگەز و جۆرەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان هیچ سنوورێک نازانێت، تەمەن، نەتەوە، ئایین و ئایینزا، باری کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری و تەنانەت سنووری جوگرافیشی تێپەڕاندووە، بووەتە مۆتەکەیەک کە رۆژانە رووبەڕووی ملیۆنان ئافرەت دەبێتەوە و شکۆی مرۆیانەی ئافرەتان و سەلامەتی و مافەکانیان پێشێل دەکات لە سەرتاسەری جیهان، سەرەڕای ئەوەش، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، تیشکی خستەسەر گرنگی کۆدەنگی هاوبەش و هاوسۆزی هەمووان بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، ئەو راستیەشی سەلماند کە هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەنگاو بە هەنگاو بەرز دەبێتەوە و بەرەو پێشەوە دەچێت، بوێرانە دژی ئەو پەتایە دەوەستێتەوە کە ژیانی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەم هەوڵە هاوبەشانە دەبنە مایەی گۆڕانکاریی و پێشڤەچوونی کۆمەڵگە لە سەرجەم بوارەکاندا".

وەزیری ناوخۆ، گوتی: "لەکاتێکدا کە هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی دژی ئافرەتان کۆتایی پێدێت، بەڵام بێگومان رووبەڕووبوونەوەی ئێمە لەگەڵ توندوتیژی بەردەوامە و کۆتایی نایەت، بەڵکو دەگەینە قۆناغی هەمیشەییمان بۆ نەهیشتن و ریشەکێش کردنی ئەو کۆسپ و بەربەستانەی لەپشت هزری توندوتیژییەوەن، رووبەڕووی هەر نەریت و بیروبۆچوون و دیاردەیەک دەبینەوە کە ببێتە مایەی توندوتیژی".

راشیگەیاند: "جێی خۆیەتی رۆشنایی بخەینە سەر رۆڵی گرنگی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، ئامارەکان جێی سەرنجن، ژمارەیەکی بێ شووماری ئافرەتان رۆژانە لە جیهان رووبەرووی زیانی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، لە بەرامبەر ئەوەشدا دەکرێت بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و رۆشنبیری لەناو کۆمەڵگەدا ئەو چەکە بەهێزە بێت لە دژی ئەم تاریکییە بەکاربێت، بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک نەک هەر رێگری لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی دەکرێت، بەڵکو بەربەستی ئەو بێدەنگییە دەشکێندرێت کە زۆرجار قوربانیان بەدەستییەوە دەناڵێنن، هۆشیاری هاندەرێکی سەرەکییە بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی و دەبێتە هۆکاری زاڵبوونی هاوسۆزی و تێگەیشتن بەسەر دابونەریتە نەشیاوەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ئافرەت".

رێبەر ئەحمەد، ئەوەشی خستەڕوو: "هۆشیاری لەناو خێزان و قوتابخانەکان دەستپێدەکات، پەروەردەکردنی تاک و کۆمەڵگە و گەنجەکان لەسەر بیروباوەڕی یەکتر قبوڵکردن بناغەی کۆمەڵگەی تەندروستە، پەروەردەی راست هێز دەبەخشێت بە تاک و کۆمەڵگە، کاتێک لە هۆکاری سەرەکی و دەرەنجامەکانی توندروتیژی دژی ئافرەتان تێگەیشتین دەبینە داکۆکیکار و بونیاتنەری کۆمەلگەیەکی یەکسان و ئارام، هەروەها مامۆستایانی ئاینی رۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە بڵاوکردنەوە و هزری میانڕەو، هەروەها رەتکردنەوەی هەموو توندوتیژییەک، پێویستە نەوەکانی داهاتوومان پەروەردە بکەین و رابهێنین کە رێز لە جیاوازییەکان بگرن و بڕوایان بە یەکسانی و دادپەروەری هەبێت، لە لایەکی دیکە سۆشیال میدیا ئامرازێکی سوود بەخشە بۆ هاندانی قوربانیان و دەنگە کپکراوەکان، کە خۆیان لەو پلاتفۆڕمانە ببینەوە و بەسەرهاتەکانی خۆیان بکەنە پەند، بۆ ئەوەی کەسانی دیکە نەکرێن بە قوربانی".

وەزیری ناوخۆ، دەشڵێت: "هۆشیاری بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو دەبێ گوفتارەکانمان بکەینە کردارێکی بەرجەستە، ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کاتێک داکۆکیکارێکی سەرسەختی قوربانیان بووینە و بە توندیش رووبەڕووی تاوانبارەکان بووینەتەوە، لەو پێناوەش چەندین قوربانیمان داوە پۆڵیک ئەفسەر و کارمەندانی ئاسایشی ناوخۆ شەهید و بریندار و پەککەوتە بوونە".

رێبەر ئەحمەد، گوتیشی: "دەبێ هاوکاری پێویست و پەنایەکی ئارام  بۆ ئافرەتانی رزگاربووی هزری توندوتیژی بڕەخسێنین، وە پاڵپشتی ئەو سیاسەت و ستراتیژییانە بکەین کە ئافرەتان لە هەر جۆرە هەڕەشە و توندوتیژییەک دەپارێزن، هاوکات حکومەتی هەرێم پشتیگیری و پاڵپشتی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ ئەو رێکخراو و دامەزراوانەی کە ماندونەناسانە کاردەکەن لەپێناو خۆشگوزەرانی ئافرەتان".

جەختیکردەوە: "پێویستە کردارەکان لە گوفتارەکان زیاتربن، پێویستە ئەو مەشخەڵەی لە 16 رۆژی رابردوو هەڵکراوە گەش بێت و رێگای داهاتووی پێ رۆشەن بکەینەوە، بەرەو جیهانێک هەنگاو بنێین کە ئافرەتان و هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دووربن لە توندوتیژی".