بارەگای بارزانی: پێویستە پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن

لۆگۆی بارەگای بارزانی
لۆگۆی بارەگای بارزانی

K24 - هەولێر

بارەگای بارزانی دەڵێت، سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت، "ڕێگە بەوە بدرێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-12-2023، بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، "تێڕوانینی سەرۆك بارزانی بەمشێوەیەیە كە پێویستە ڕێگە بەوە بدرێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت".

دەقی راگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی:

سەبارەت بە بابەتی میكانیزمی دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و بوونی هەندێ هەوڵ بۆ گۆڕین و دەسكاریكردنی كورسی و مافەكانی پێكهاتەكان و چۆنیەتیی بەشدارییان لە هەڵبژاردن، تێڕوانینی سەرۆك بارزانی بەمشێوەیەیە كە پێویستە ڕێگە بەوە بدرێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت. پێكهاتەكان بەشێكی ئازیز و گرنگی كۆمەڵگەی كوردستانین و نابێ ئیستحقاق و مافەكانیان تێكهەڵی هیچ بەرژەوەندییەكی سیاسی و نادادپەروەرانە بكرێت.