دیندار زێباری: ئەمساڵ 334 دۆسیەی گەندەڵی لە کوردستان رەوانەی دادگاکان کراون

د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان
د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان

K24 - هەولێر

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە ساڵی 2023دا (334) دۆسیەی گەندەڵی رەوانەی دادگاکان کران و بڕیاری دادوەری لە دژی (77) فەرمانبەری پلە کاری جیاواز دەرچووە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-12-2023، لە دووەمین کۆنفرانسی پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەغدا؛ د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێشکەشکرد و تێیدا تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ و رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی رەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئەو ماف و ئازادییانەی کە لە دەستووردا هاتووە. پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025 بەشێکە لە میکانیزمێکی نیشتمانی بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان. 

گوتیشی: دوای ئەوەی  سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە مانگی ئەیلولی 2021 پلانەکەی پەسەند کرد، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تا ئێستا 5 ڕاپۆرتی لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکە ئامادە کردووە  و نزیکەی (60) وۆرک شۆپ و (40) کۆبوونەوە و سەردانی مەیدانی ئەنجامدا بۆ پێناسەکردنی پلانەکە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد راپۆرتی کۆتایی پلانەکە ئەو پێشکەوتنانە دەخاتە ڕوو کە لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ساڵی 2023 بەدەست هاتوون و ئاستی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ڕێژەی  (25%) زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی 2023. لەوانە دەرچوونی (22) یاسای پەیوەندیدار بەو پلانەکە، هەروەها (27) ڕاپۆرت، (34) لێدوان، و (93) بەیاننامە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ کران.

زێباری ئەوەشی خستەڕوو، لە ئازادی بیروڕا و رادەربڕین یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکرا بۆ ئاسانکاری کاری ڕۆژنامەوانی، مۆڵەتیش درا بە (144) کەناڵی تەلەفزیۆنی، لەوانە (36) کەناڵی مانگی دەستکرد و (108) کەناڵی ناوخۆیی و (155) رادیۆ. لە بواری پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان (8) کەیس لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا و سزا بەسەر (31) کەسدا سەپێندرا بە تۆمەتی توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن و وتی: حکومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆر بەم بابەتە دەدات لەم رووەوە (138) حاڵەت لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا، (432) کۆمپانیا داخراوە و (998) کۆمپانیا خرانە ژێر چاودێری و (534) کۆمپانیا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیش گوتی: حکومەتی ھەرێم ستراتیژی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ساڵی 2021-2025ی پەسەند کرد، بۆ بەدیھێنانی حوکمڕانییەکی کاراتر و شەفافتر، لە ساڵی 2023دا (334) دۆسیە رەوانەی دادگاکان کران و بڕیاری دادوەری لە دژی (77) فەرمانبەری پلە کاری جیاواز دەرچووە  هەروەها پڕۆژەی (ئەژماری من)ی دەستپێکرد، بەم پێیەش سەرجەم فەرمانبەران لە کۆتایی ساڵی 2024دا هەژماری بانکییان دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بەوەکرد، سەبارەت بە مافەکانی ئافرەتان، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی قوربانیی توندوتیژی بوون و لە شەڵتەرەکاندا دەژین، لەلایەکی دیکەوە ئافرەتان بەشدارییەکی کارایان لە دەسەڵاتی دادوەری و دەزگای داواکاری گشتیدا، لە بارەوە (65) دادوەر و (65) داواکاری گشتی و زیاتر لە (200) یاریدەدەری دادوەری و (500) لێکۆڵەری دادوەری ئافرەتن. لە ساڵی 2023دا (24) دادوەری ئافرەت دامەزراون.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان وتی: ژمارەی ئەو کەسانەی بەکارهێنەران و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان سزادراون گەیشتۆتە (2676) کەس لە چاکسازییەکان و نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی بە ئامادەبوونی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و نوێنەری سەرۆک وەزیرانی عێراقی محەممەد شیاع سوودانی.

د. دیندار زێباری راشیگەیاند: حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و کار دەکات بۆ پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ، سەرەڕای ئەو تەحەدیات و ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی بووەوە لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی هەرێم هەنگاوی جددی ناوە بۆ جێبەجێکردنیان، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتیەکان پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی حکومەت و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان هەیە، بۆیە پێویستە ئەو لایەنانە هاوکاری میکانیزمە نیشتمانییەکان بن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ.