گەنجێکی کورد کورتەفیلمێک لەسەر رزگارکردنی شاری موسڵ دروستدەکات
K24 – هەولێر:
گەنجانی کوردستانیش دەتوانن بە پرۆگرامی بەهێزی Unreal Engine هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو کاری ئەنیمەیشن و 3D ئەنجام بدەن.
گەنجێکی کورد بەناوی وڵات عەبدال خەریکی بڵاوکردنەوەی کورتە فیلمێکی ئەنیمەیشنە بە ناونیشانی "قەلەڕەش" کورتە فیلمەکە چیڕۆکی لێکدابڕانی منداڵێک و سەگەکەی لە شاری موسڵ دەگێرێتەوە، لەکاتی هاتنی چەکدارانی داعش بۆ شاری موسڵ و دەوروبەری، دواتر هەوڵەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان نیشان دەدات کاتێک دەیانەوێت ناوچەکە لە چەکدارانی داعش پاکبکەنەوە.
کورتە فیلمەکە پێنج خولەکە، بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی 3D ستێریۆ لە رووسیا لە شاری مۆسکۆ دەکات، تێیدا کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی باشترین کورتەفیلم دەکات، کورتەفیلمی قەلەڕەش بە شێوەیەکی هونەریی 3D بە پێشكەوتووترین پرۆگرامی بوارەکە بەناوی "ئەنرەیڵ ئینجن" دروستکراوە، کە پرۆگرامێکی جیهانییە و لەلایەن کۆمپانیا و ستۆدیۆ زەبەلاحەکانی جیهان بۆ دروستکردنی کاری ئەنیمەیشن و دروستکردنی ڤیدیۆ یارییەکان بەکاردێت.
وڵات دەیەوێت بەو کارەی هێز و توانای گەنجانی کوردستان لە بواری 3D و گێڕانەوەی چیڕۆکی کوردی نیشانی جیهان بدات، دەستپێکێک بێت بۆ ئەوەی بتواندرێت بە کاری ئەنیمەیشن و هونەری بتوانین لە ئاستی جیهان کارەکانمان بناسێنین و ببێتە هۆکارێک بۆ پێشکەوتنی بواری ئەنیمەیشن لە کوردستان.
وڵات عەبدال کاری گرافیک دیزاین لە کوردستان24 دەکات، دەرچووی بەشی ئەندازیاریی سیستمی زانیارییە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرە و لە بوارەکەی خۆیدا توانیویەتی هەنگاوێكی گرنگ و گەورە بچێتە پێش تواناکانی خۆی لە بواری ئەنیمەیشن و گرافیک پیشان بدات.