یەکێتی ئەوروپا داوای ئاگربەستی یەکجارەکی بۆ غەززە دەخاتە بەرنامەی دانیشتنی خۆی

یەکێتی ئەوروپا
یەکێتی ئەوروپا

K24-هەولێر:

سەرۆکانی ئیسپانیا و ئیرلەندا و بەلژیکا و ماڵتا نامەیەکیان بۆ شارل میشێل سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ناردووە و داوا دەکەن، سەرۆکی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئەو هەفتەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی غەززە کۆببنەوە و بە هاوبەشی داوای ئاگربەستێکی مرۆیی هەمیشە بۆ غەززە بکەن، لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.

ئەمڕۆ یەکشەممە ( 10ی کانوونی یەکەمی 2023)، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردۆتەوە، بڕیارە رۆژانی ( 14 و 15 ی کانوونی یەکەم)، سەرۆکی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە 27 وڵاتن لە برۆکسل کۆ ببنەوە بۆ گفتەگۆکردن دەربارەی رێگەکانی یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە شەڕی بەرامبەر رووسیا و، هەروەها پێداچوونەوە بە بودجەی یەکێتی ئەوروپا و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆکی وڵاتەکانی ئیسپانیا و ئیرلەندا و بەلژیکا و ماڵتا، نامەیەکیان بۆ شارل میشێل  سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ناردووە کە سەرۆکایەتی لوتکەی یەکێتی ئەوروپاش دەکات، تێیدا ئاماژەیان بە مەترسی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس کردووە لەوەی ئەگەری  هەیە جەنگەکە فراوان بێت و بگاتە تەواوی ناوچەکە.

رۆیتەرز بە ناوەڕۆکی نامەکەی سەرۆکی ئەو چوار وڵاتە گەیشتووە کە بۆ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا نێردراوە، بە پێی زانیاریەکانی ئەو ئاژانسە، نامەکە داوای ئەوەی تێدا کراوە، وڵاتانی ئەوروپا داوای ئاگربەستێکی مرۆیی یەکجارەکی و بەردەوام و بەپەلە بکەن بۆ غەززە، لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگ، هاوکات داوای پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل کراوە بەشێوەیەکی خێرا.

چوار وڵاتەکە لە نامەکەدا، داوای لوتکەیەکی ئاشتی لەبارەی غەززە دەکەن لە نزیکترین کاتتدا، هاوکات دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین لە تەنیشت دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە.

کارزان حەیدەر