رێباز حەملان: سبەی 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانەدەکرێت

رێباز حەملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
رێباز حەملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت؛ لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبین تا ئەوکاتەی دەگەین بە مافەکانی خۆمان، هاوکات گوتیشی: سبەی بەغدا 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانەدەکات.

رێباز حەملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لێکتێگەشتنێکی زۆر باش لەنێوانماندا هەیە، بەڵام کاتێک شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبێتەوە و گفتوگۆ و لێکتیگەشتنی باش لەنێوانیان هەبێت، ئەوا کاتێ باباتەکان دەچێتە بەشەکانی دیکە بەناوی ئیداری، یاسایی و بودجەوە دەستدەکەن بە رێگرییەکی گەورە بۆ هەموو ئەو پرسانەی کە پەیوەستن بە قوت و ژیانی خەڵکەوە.

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، راشیگەیاند، ئەوەی لە بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت بابەتەکە تەواو سیاسییە و هیچ یاسایی، ئیداری دەستووری و نییە. هەروەها سبەی 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت و لە کۆبوونەوەکانیشمان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین تاوەکو مافەکانی خۆمان وەردەگرین.

رێباز حەملان، دەڵێت: بەشێك لە حزبەکانی بەشدار لە حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان نە خۆیان بە خاوەن حکومەتەکە دەزانن، نە خۆیان بە خاوەنی هەرێمی کوردستان دەزانن، ئەگەر خۆیان بە خاوەنی حکومەتەکە بزانیبا رێگەیان دەدا لایەنی سەرەکی دانوستاندکار لەگەڵ حکومەتی عێراق تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام ئەوەی دەبینن هەر جارە و لایەنێک دەچێتە بەغدا بە جیا لەگەڵ بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی عێراق کۆدەبێتەوە دواتر دێن دەڵێن: "ئێمە پرسی بودجە و مووچەمان تاوتوێ کردووە".

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەدا، کاتێک سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی بەغدای کرد جێگرەکەی و وەزیرە پەیوەندیدارەکانی لەگەڵ خۆیدا برد، گفتوگۆ و لێکتێگەشتنێکی باشیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، هەروەها لیکتێگشتێنێکی باشیان لەگەڵ لایانە سیاسییەکانی عێراقیش کرد لەسەر دوو بابەتی سەرەکی، یەکەمیان؛ پرسی مووچە تێکەڵ بە ململانێ و کێشە سیاسییەکان نەکرێت، دووەمیان؛ ساڵی داهاتوو یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە، چونکە بەهۆی خەرجی راستەقینە لە یاسای بودجەدا هەرێمی کوردستان زۆر زەرەرمەند دەبێت.

رێباز حەملان، گوتی: "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خۆی لە هەموو کەس زیاتر لەگەڵ داوای رەوای خەڵکی هەرێمی کوردستانە، لە مووچەخۆران، مامۆستایان، فەرمانبەران، خانەنشینان، هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، هەروەها هەرچییەک مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەسەر مافی خۆیان بڵێن 100% مافی خۆیانە و ئێمەش پشتگیری لە داواکانیان دەکەین و لە ئاساتی ئەوانیش هیچ قسەیەکمان نییە".

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، گوتیشی: "جگە لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کەسی دیکە نەچووەتە ژێرباری بەرپرسیارێتییەوە، هەروەها ئەوانەی کە دەچنە بەغدا بە جیا لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبنەوە هەرگیز ناچنە ژێربەرپرسیارێتییەوە، بەڵام بۆ قسەکردن لە راگەیاندنەکان و دروستکردنی کێشە ئامادەن".

رێباز حەملان، باسی لەوەشکرد، لە بەغدا ئیرادەیەک هەیە بە هاوکاری هەندێک دەوڵەتی ئیقلیمی هەوڵدەدەن کیانی هەرێمی کوردستان نەمێنێت، هەروەها دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بکەنەوە بە پارێزگایەک و بیخنەوە ژێردەستی خۆیان.

لەبارەی پرسی نەوت، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئاشکرایکرد، لە(25ـی 6ـی 2023)ـەوە تاوەکو (1ـی 12ـی 2023) "ئێمە 11 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتمان رادەستی حکومەتی عێراقی کردووە، لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان دەرهەق بە رەوانەکردنی ئەو بڕە نەوتە بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، هاوکات هیچ بڕە پارەیەکیشیان نەداوە بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت".

لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناوبراو گوتی: ئێمە رێککەوتنێکمان هەیە لەگەڵ بەغدا کە سێ 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بە قەرز، ئەوان لە 17ـی 11ـەوە دەستیانکرد بە دابەشکردنی مووچەی هاووڵاتییانی خۆیان، دەبوو لە 25ـی 11 ئەوانە کۆتا 700 ملیار دیناریان بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە کردبا، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانناردووە، ئەمە جگە لە برسیکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و کارتی فشاری سیاسی هیچ بابەتێکی دیکە نییە.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان، رێباز حەملان ئاماژەی بەوەدا، شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کۆبووەوە، کۆمپانیاکان بە هیچ شێوەیەک بەو تێچوە رازی نین کە حکومەتی عێراق بۆ دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوت بۆیانی دیاریکردووە، چونکە ئەو تێچووەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە جیاوازە لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی عێراق.