کوڕ و کچەکەی نێرگز محەمەدی براوەی نۆبڵی ئاشتی دەترسن دایکیان نەبیننەوە

کیانا و عەلی کوڕ و کچی نێرگز محەمەدی
کیانا و عەلی کوڕ و کچی نێرگز محەمەدی

K24-هەولێر:

کچ و کوڕەکەی نێرگز محەمەدی بەندکراو و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، دەترسن جارێکی دیکە دایکیان نەبیننەوە، بەڵام شانازی خۆیان بەرامبەر دایکیان دەربڕی بەرامبەر ئەو خەباتەی کردوویەتی لەپێناو مافی ژنان، ئامادەیی خۆشیان نیشاندا لەبری دایکیان خەڵاتەکە وەربگرن.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، نێرگز محەمەدی 51 ساڵ، لە 6 ی ئۆکتۆبەرەوە خەڵاتەکەی بردۆتەوە، لە کاتێکدا لەلایەن ئێران شەرمەزارکرا و چەند سزایەکیشی بەسەردا سەپێندرا و لە بەندیخانەی زۆر خراپی ئیڤین بەشێک لە سزاکانی بەسەردا جێبەجێدەکرێت بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت.

ڕێوڕەسمەکەی ئەمساڵ لە ئۆسلۆ، بە ئامادەبوونی پاشا و شاژنی نەرویج، شازادەی جێنشین و هاوسەرەکەی و دەیان کەسایەتیی ئێرانی و جیهانی و براوەکانی پێشووی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێشکەش کرا.

کوڕ و کچە دوانەکەی نێرگز کە ناویان عەلی و کیانا رەحمانیە و تەمەنیان 17 ساڵە و ئێستا لە پاریس دەژین، چوونە ئۆسلۆ بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی دایکیان و وتەیەکیشیان لەبری دایکیان بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.

کیانا رەحمانی  کچی نێرگز محەممەدی لە وتەکەی لە بری دایکی پێشکەشی کرد، بە دروشمی (ژن ژیان ئازادی) دەستیپێکرد و گوتی: خۆزگە دایکم لێرە بوایە بۆ ئەوەی خۆی خەڵاتەکە وەربگرێت، عەلی رەحمانی کوڕیشی گوتی: دایکم لە نامەکەیدا باسی دۆخی ڕۆژنامەنووسانی زیندانی لە ئێران کردووە، باسی ڕۆڵی راگەیاندنەکانیشی کردووە لە گەیاندنی دەنگی خەڵکی ئێران بە چالاکوانانی مافی مرۆڤ بە گوێی جیهاندا.

کیانی کچی نێرگز دەقی نامەکەی دایکی خوێندەوە و گوتی دایکم وای نووسیوە، ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەرییان لە گەیاندنی دەنگی خەڵکی ناڕازیی ئێران  و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ بە گوێی جیهان هەبووە، کۆمەڵگەی ئێران پێویستی بە پشتیوانیی جیهانیی هەیە و ئێوەی راگەیاندنکاران گەورەترین و سەرەکیترین پشتیوانی ئێمەن لەم خەباتە دژوارە لە بەرانبەر ستەمی وێرانکەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەرانبەر بە هەموو ئەو کارانەی بۆ ئێمەتان کردووە سوپاستان دەکەم.

بەشێکی دیکەی پەیامەکەی نێرگز، عەلی کوڕی خوێندیەوە و گوتی دایکم ئاماژەی بە دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ئێران و کاریگەریی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئابووریی ئەم وڵاتە و تێکچوونی باری گوزەرانی خەڵکی ئەم وڵاتە کردووە.

نامەیەکی نێرگز لە بەندیخانەوە دەرچووە و کەوتۆتە دەستی تەلەڤزیۆنی سوێد و تێیدا دەڵێت، لە خەباتی خۆی لەپێناو مافی مرۆڤ بەردەوام دەبێت ئەگەر لەسەریشدا گیان لەدەست بدات، نێرگز دەڵێ: هیچ شتێک لەدەستنادەم، تەنها کوڕەکەم و کچەکەم نەبێت.

کارزان حەیدەر