پەیامنێری کوردستان24: سبەی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە

ئاڵای کوردستان و عێراق
ئاڵای کوردستان و عێراق

K24 – بەغدا:

سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دروستکردنی سیاسەتێکی گومرگی هاوبەش لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (10ـی کانوونی یەکەمی 2023) دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، ئەم سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازە لەگەڵ سەردانەکانی پێشووی تایبەت نییە بە مووچە، بەڵکو تایبەتە بە جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی پڕۆژەی یاسای بودجەی ساڵی 2023 .

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، ساڵانێکی زۆرە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کێشەی لەسەر سیاسەتی گومرگی هەیە، بە تایبەت لەسەر رێکخستنەوەی رسووماتی گومرگی، هەردوولا دوو سیاسەتی گومگری جیاوازیان هەیە.

باسی لەوەشکرد، لە ماوەی رابردوو چەند جارێک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدایان کردووە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن و بتوانن ساسەتێکی گومرگی هاوبەش لەنێوانیان دروست بکەن، چونکە لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی  هاتووە، کە بەپێی پرۆژە یاساکە دەبێت هەرێمی کوردستان 50% داهاتی دەروازە سنوورییەکان بگەڕێنێتەو بۆ بەغدا.

پەیامنێری کوردستان24، گوتی: لە کۆبوونەوەکانی رابردووی هەردوو شاندی حکومەتی هەرێم و دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق تا رادەیەک لێکتێگەیشتن لەنێوانیان هاتووتەوە ئاراوە، بەڵام رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە، سبەی هەردوولا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان هەمواربکرێتەوە و رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بکرێت.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (10ـی کانوونی یەکەمی 2023) شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی یاوەریان گەیشتنە شاری بەغداد.

وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنووریەکان.