هەیبەت سوڵتان سەوز دەکرێتەوە

"بەهۆی وشکەساڵی و کەمتەرخەمی گەشتیاران بەشێک لە دارەکانی لەناوچوون"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

دارستانی ھەیبەت سوڵتان لە باکووری رۆرھەڵاتی کۆیە، بەھۆی نەخۆشی، وشکەساڵی و کەمتەرخەمی گەشتیاران، بەشێک لە دارەکانی وشک بوون و شکاونەتەوە، لەپێناو سەوزکردنەوەی دارستانە و زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە کۆیە، ھەڵمەتی چاندنی چوار ھەزار داری سنەوبەر لە چیای ھەیبەت سوڵتان لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی کۆیە دەستیپێکرد.

حەمەدەمین ساڵح، یەکێکە لە کرێکارەکانی دارستان و پاوانی کۆیە، بە کوردستان24ی گوت: "بەشێک لە گەشتیاران ھەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن، ئەوان نازانن تا ئێمە دارێک گەورە دەکەین چەندە زەحمەت دەکێشین".

نەخۆشی، وشکەساڵی و ھاتووچۆی گەشتیاران، ھۆکارە بۆ وشکبوونی بەشێک لە دارەکانی دارستانی هەیبەت سوڵتان، تەمەنی ھەندێکیان لە دارەکان 10-15 ساڵ زیاترە، لە تەنیشت زۆربەی دارە سەوزەکان دارێکی وشک و بڕاوە دەبینرێت.

کازم کەریم، سەرۆکی دارستان و پاوانی کۆیە دەڵێت: "خاکی هەیبەت سوڵتان بۆ سنەوبەر زۆر گونجاوە، پێشتریش هەر سنەوبەری لێ چێندراوە، چونکە ئەو جۆرە دارە بەرگەی سەرما و گەرما دەگرێت".

هەرچەندە چەند پارک و باخ و پشتێنەی سەوزایی دامێنی چیای ھەیبەت سوڵتان لە کۆیە هەیە، بەڵام ھێشتا رووبەری سەوزایی لە کۆیە لە رێژەی ستاندارد کەمترە، پلانی ئیدارەی کۆیە ئەوەیە بە چاندنی 3-4 ھەزار داری سنەوبەر، ھەم رووبەری سەوزایی زیاد بکەن ھەمیش سیمایەکی سەوز بۆ دارستانی ھەیبەت سوڵتان بگێڕێنەوە.

تارق حەیدری، قایمقامی قەزای کۆیە بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی وشکەساڵی، ئاگرکەوتنەوە و کەمتەرخەمی گەشتیاران وایکردووە دار لە دارستانی هەیبەت سوڵتان کەم ببێتەوە، ئێستا هەڵمەتی دارچاندنمان دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی رێژەی سەوزایی لە کۆیە زیاتر بکەین و پارێزگاری لە دارستانی هەیبەت سوڵتان بکەین".