راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات

K24 - هەولێر

بۆ یەکەمجار لە دەستپێکی شەڕی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلەوە، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات.

میدیا ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کرد، جەیک سەلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا کۆتایی ئەم هەفتەیە سەردانی ئسرائیل دەکات.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراوەتەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی سەلیڤان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل، تاوتوێکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل و هەڵسەنگاندنە بۆ دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە، هەروەها چۆنییەتی زیادکردنی هاوکاریی مرۆییەکان بۆ ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێک و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش پێنج جار سەردانی ئیسرائیلییان کردووە.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حه‌ماس له‌ 7/10/2023 دەستیپێکردووە، کە تائێستا 1200 ئیسرائیلی و زیاتر له‌ 16 هه‌زار فه‌ڵه‌ستینی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ کوژراون، بەگوێرەی ئامارەکان زۆربه‌ی كوژراوه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ژن و منداڵن.