عەبدوڵڵاھیان: ئەمەریکا ئاوی قورسی ئێران دەکڕێت

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران

K24 - هەولێر

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمەریکا سەرقاڵی کڕینی ئاوی قورسی وڵاتەکەیەتی.

بە پێی ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)، عەبدوڵڵاھیان لە ڕێوڕەسمێکدا قسەی کردووە و لەبارەی تواناکانی ئێران رایگەیاندووە، "ئەمەریکا سەرەرای ئەوەی ئابڵۆقەی خستووەتە سەر ئێران، بەڵام پەرەسەندنەکان لە ئاستێکی بەرچاودایە و لە کەرتی وزەی ناوەکی و مووشەکیدا پێشکەوتنی بەرچاو بینراوە".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمەریکا سەرقاڵی کڕینی ئاوی ئێرانە. بەرپرسێکی ڕۆژئاواییش پێی ڕاگەیاندووم، ئاوی قورسی ئێران باشترین کوالێتی هەیە لەسەر ئاستی جیهاندا".

عەبدوڵڵاھیان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، لەگەڵ ئەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێککەوتننامەی ناوەکی ئێران لەگەڵ وڵاتانی 1+5 کشاوەتەوە، بەڵام هەوڵێک هەیە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەتننامەیە.

ئەو بەرپرسەی ئێران گوتیشی: "ئێمە هەر لەسەرەتاوە رامانگەیاندووە کە هێڵە سوورەکان نابەزێنین. لە ڕێککەوتننامەکەش پاشەکشەمان نەکردووە، بەڵام ئێمە ناتوانین پێشکەوتنەکانمان لە تونێلێکی تەسکدا بە ناوی ڕێککەوتنی ناوەکی بەرتەسک بکەینەوە".