عامری: دواخستنی هەڵبژاردنی کەرکووک واتا ناکرێت

هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح
هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح

K24 - هەولێر

ھادی عامری دەڵێت، دواخستنی هه‌ڵبژاردنی ئەمجارەی كه‌ركووك به‌و مانایه‌ دێت كه‌ له‌ داهاتوودا ئەو پرۆسه‌یه‌ له‌ شاره‌كەدا‌ ئه‌نجام نادرێت.

هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، له‌ ساڵی 2005ه‌وه‌ تا ئێستا هیچ هه‌ڵبژاردنێك بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ئه‌نجام نه‌دراوه‌، "بۆیە هیوادارین هەڵبژاردنی ئەم جارە بکرێت له‌ پێناو بنیاتنانی پارێزگاكه". ‌

دواخستنی هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، وەکو ئەوەی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح دەڵێت، "به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ له‌ داهاتوودا هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركووك ئه‌نجام نادرێت".

بە گوتەی هادی عامری، "كەركووك شاری پێكەوەژیانە و هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ خه‌ڵكی كه‌ركووك كه‌ چییان ده‌وێت هه‌ڵیبژێرن".

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2005 کراوە. وابڕیارە، رۆژی 18ـی ئەم مانگە و دوای 18 ساڵ، جارێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بکرێتەوە. ئەنجوومەنەکە بۆ ئەم جارە لە 15 کورسی پێکدێت و، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.

لەم هەڵبژاردنەدا، تەنیا ئەو دەنگدەرانی کارتی بایۆمەترییان هەیە یاخود ناوی خۆیان تۆمارکردووە ناویان لە تۆماری دەنگدەران هەیە. کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک بریتییە لە 870 هەزار و 920 دەنگدەر. لەو ژمارەیە، 813 هەزار و 590 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 57 هەزار و 330 دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.