ئێران دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی بەتۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل دادگایی دەکات

K24 - هەولێر

دەسەڵاتی دادوەری لە تاران رایگەیاند، دوای 600 رۆژ لە دەستبەسەرکردنی دیپلۆماتکارێکی سویدی کە لە یەکێتی ئەورووپا کاردەکات دادگایی کردنی ئەو دیپلۆماتکارە بە تۆمەتی "پیلانگێڕی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ زیانگەیاندن بە کۆماری ئیسلامی ئێران" دەستیپێکردووە.

ئاژانسی "میزان"ـی سەر بەدەسەڵاتی دادوەری ئێران رۆژی یەکشەممە، بڵاویکردەوە کە "یۆهان فلۆدیرۆس کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی کاری دژ بە ئاسایشی وڵات و هاوکارییکردنی هەواڵگریی ئیسرائیلی و گەندەڵی لەسەر زەوی".

تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئاگادارکرامەوە کە رۆژی شەممە دادگاییکردنی یۆهان فلۆدیرۆس لە تاران دەستیپێکردووە.

یۆهان فلۆدێروسی سویدی تەمەن 33 ساڵ، کە لە بەشی دیپلۆماسی یەکێتی ئەوروپا کاردەکات، لە زیندانی ئیڤین لە تاران دەستبەسەرە، دوای ئەوەی لە 17ـی نیسانی 2022 لە کاتی گەڕانەوەی لە پشوو لەگەڵ هاوڕێکانی لە فڕۆکەخانەی تاران دەستگیرکرا.

بیلسترۆم گوتی: "بە هیچ شێوەیەک هیچ بنەمایەک نییە بۆ ئەوەی یۆهان فلۆدیرۆس لە دەستبەسەریدا بمێنێتەوە، چ جای دادگاییکردنی"، ئاماژەی بەوەشکرد، سوید و یەکێتیی ئەورووپا ئەمەیان بە روونی بۆ نوێنەرانی ئێران روون کردووەتەوە.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا گوتی: فلۆدیرۆس "بێ تاوانە" و "بە هیچ شێوەیەک هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی لە دەستبەسەریدا بمێنێتەوە"، جارێکی دیکە داوای ئازادکردنی کرد.

ئەو دیپلۆماتکارە تۆمەتبار کراوە بە "چالاک بوون لە دژی کۆماری ئیسلامی لە بواری کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل"، لە دەستەی پڕۆژە بە ئامانجی رووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە سەرکردایەتی ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئەوروپا، کە ناسراون بە چالاکییەکانیان دژی ئێران.

بەپێی ئەوەی ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری نوێنەرێکەوە بڵاویکردووەتەوە، داواکاری گشتی ئاماژەی بەوەکردووە کە "لە نێو چالاکییەکانی دیکەی ئەو تۆمەتبارە گەشتکردن بووە بۆ فەڵەستین و پەیوەندیکردن لەگەڵ بریکارەکانی لە ئیسرائیل، هەروەها کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری دەربارەی بەرنامەکانی ئێران، کە پەیوەندییان بە بواری پیشەیی تۆمەتبارەوە نەبووە".

دوای 600 رۆژ لە دەستگیرکردنی ئەو دیپلۆماتکارە، هیومان رایتس وۆچ داوای دەستبەجێ ئازادکردنی فلۆدیرۆسی کرد.​