بەشێک لە جووتیارانی گەرمیان بەهۆی داعشەوە دەستبەرداری زەوییەکانیان دەبن

kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

بەگوتەی بەشێک لە گوندنشینانی دەڤەری گەرمیان، هێشتا جمووجۆڵی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەیان ماوە، ژمارەیەک لە جووتیارانیش دەستبەرداری زەوییەکانیان بوونە.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی دوراجی ناوچەی داودە بەناوی نەجیب سەعید، دەڵێت: "پێنج هەزار دۆنم زەوی گوندەکانی دوراجی و پەڵکانە و قوریچە لەژێر دەستی چەکدارانی داعشە، ئێستا دەڵێن داعش نەماوە ئەی بۆ کەس ناوێرێ بچێتە ئەو ناوچانە؟ چەکدارانی داعش کاتێک شوانێک دەستگیر دەکەن، بە سێ تا چوار دەفتەر دۆلار ئازادی دەکەن، ئەگەر ئەو پارەیەشی نەبێت، ئازادی ناکەن و دوای ماوەیەک دەیکوژن".

ئەو گوندنشینە ئاماژەی بەوەشدا، گوندەکەیان پێشتر 50 ماڵ لێی نیشتەجێ بوو، بەهۆی مەترسییەکانی داعش ئێستا بووەتە حەوت ماڵ.

لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان کفری و خورماتوو، شەش گوندی سنووری داودە بە تەواوەتی چۆڵکراون، بەهۆی بوونی چەکدارانی داعش، بەگوتەی شارەزایانی سەربازی ناوچەکە پێویستی بە هێزی سەربازیی زیاترە، تا بتوانن بە تەواوەتی داعش لەو ناوچەیە بنبڕ بکەن. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: چەند رۆژێکە جموجۆڵەکانی داعش لە ناوچەکە زیادیکردووە و مەترسییەکانیان زیاتر بووە.

کەریم شوکر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "ماوەی دوو هەفتەیە جموجۆڵی داعش لەو سنوورانە زیادیکردووە، لە بەشێوەی مەفرەزە لەو ناوچانە دەردەکەون و مەترسیان دروست کردووە".

هەفتەی رابردوو بەهۆی پەلاماری داعش، لە سنووری پارێزگای دیالە 11 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی بوونە قوربانی و 17 کەسیش بریندار بوون، هاوکات لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای عێراقیش گرووپە تیرۆریستییەکان پەلاماری هێزەکانی سوپای عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبیان دابوو.