یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان: داوا لە دەنگدەران دەکەین بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا بکەن

K24 - هەولێر

یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان داوا لە کوردەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکات، بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بکەن و کوردستانیان سەربخەن.

یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، وەک رێکخراوێکی سەربەخۆ داوا لە هەموو دەنگدەرانی کوردی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین بە جۆش و خرۆشەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، کە ئەمەش مافێکی رەواو سەرەتایی خۆتانە و هەروەها ئەرکێکی نیشتیمانیشە.

گوتیشی: ئێمە وەکو یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان پەرۆشین کوردستانیان سەرکەون، لاشمان گرنگ نییە کام حزب و لایەن کورسی زۆر یان کەم بێنن، هەر بۆیە داوادەکەین و گرنگیشە هەموو دەنگدەران بەشداری لەو دەنگدانەدا بکەن، سوپاسیشتان دەکەین بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن و سەرخستنی کوردستانیان.

بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەفت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی کاندیدی پێکهاتەکانیش، 16 کاندید لە پێکهاتەی کریستیان و 13 کاندید لە پێکهاتەی کوردە فەیلییەکان و پێنج کاندیدی شەبەک و چوار کاندیدی ئێزدییەکان خۆیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاندید کردووە.