فڕۆکەیەکی F-16 کەوتە خوارەوە

K24 - هەولێر

فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمەریکی F-16 لە کاتی فڕینی بۆ مەشق و راهێنان لە کۆریای باشوور کەوتە خوارەوە.

ئاژانسی هەواڵی کۆریای باشوور، یۆنهاپ ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمەریکی F-16 لە کاتی فڕینی بۆ مەشق و راهێنان لە کۆریای باشوور کەوتە خوارەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەوانەکە بە سەلامەتی رزگاری بووە، دوای ئەوەی بەپەلە خۆی لە فڕۆکەکە هەڵداوەتە خوارەوە.

ئاژانسەکە راشیگەیاند، فڕۆکە شەڕکەرەکە لە بنکەیەکی ئاسمانی لە گونسان هەڵفڕیووە، کە 178 کیلۆمەتر لە باشووری سیئۆلی پایتەختەوە دوورە، دواتر کەوتووەتە ناو ئاوەوە.

رۆژنامەی "رۆدۆنگ سینمون"، بڵاویکردەوە، پیۆنگ یانگ ئاماژەی بەو مانۆڕە سەربازییە هاوبەشانە کردووە کە سیئۆل و واشنتن لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەرەوە ئەنجامیانداوە و رایگەیاندووە، کۆریای باشوور پەلە دەکات بۆ ئامادەکاریکردن بۆ شەڕی نیمچە دوورگەی کۆریا.