هێمن هەورامی: بەشداری پارتی لە هەڵبژاردنەکان تەنیا ئامانجی حزبی نییە

K24 – هەولێر

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەشداری پارتی لە هەڵبژاردنەکان بەتایبەتی لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، تەنیا ئامانجی حزبی نییە، بەڵکو ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی و پاراستنی ناسنامەی کوردستانیی بوونی ئەو ناوچانەیە.

هێمن هەورامی، لەمیانی کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەشێک لە لایەنگر و جەماوەری پارتی لە خورماتوو، گوتی: "ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنانە تەنیا ئامانجێکی حزبی نییە، واتە ئێمە تەنیا بۆ ئەوە بەشداری هەڵبژاردن ناکەین کە دەستکەوتێکی حزبیمان هەبێت و کەسێکمان لە ئەنجومەنی پارێزگا هەبێت، بەشداری ئێمە وەک پارتی لەم هەڵبژاردنانە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئامانجێکی نیشتمانی و نەتەوەییمان هەیە، بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردستانیەتی ئەم ناوچانە".

گوتیشی: "ئەرکی خەڵکی پارتی جیاوازترە لە لایەنەکانی دیکە، ئەگەر خەڵکی لایەنەکانی دیکە لە چوارچێوەی سیاسەتیکی تەسکی حزبی سەیری هەڵبژاردنەکان بکەن، دەبێ کادیر و ئەندامانی پارتی لەبەر رۆشنایی رێبازی پیرۆزی بارزانی، لە چوارچێوەی کوردستانیی بوونی ئەم ناوچانە مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردنەکان بکەن، سیاسەتی ئێمە لەو ناوچانە سیاسەتی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوون و خاکە بەپێی دەستوور".

ئاماژەی بەوەشدا: "لە دوزخورماتوو لە چوارچێوەی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین وەک لیستی 219ی پارتی بە کاندیدێک لە دووزخورماتوو بەشدارین لە هەڵبژاردن".

هێمن هەورامی، راشیگەیاند: "وەکو پارتی بە سەربەرزییەوە رایدەگەیەنین، سەرکەوتنی کورد و کوردستانییەکان زۆر لە سەرکەوتنی حزبەکان گرنگترە لەم هەڵبژاردنانە".