پۆلیسی ژینگە: حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی بۆ پشتێنەی سەوزایی چڕتر دەکاتەوە

kurdistan24.net

 K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندنی پۆلیسی ژینگە و دارستانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پلان کار بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی دەکات و هەوڵەکانی بۆ پشتێنەی سەوزایی چڕتر کردووەتەوە.

رائید فوئاد زراری، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندنی پۆلیسی ژینگە و دارستانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "هەموو رۆژێک رۆژی ژینگەیە، پێویست ناکات ئێمە بچووکی بکەینەوە لە یەک رۆژدا، پاراستنی دارستان و ژینگە پێویستە لەسەر هەموومان، پەیوەست بە یەکێک یاخود شوێنێک لەسەر هەر تاکێکی کۆمەڵگە پێویستە بیپارێزین، هۆشیاری لە سەرووی هەموو شتێکە بۆ پاراستنی ژینگە و دارستان".

گوتیشی: "ساڵانە چەندین هەڵمەتی دارچاندن هەیە، بەڵام ئەنجامی دیار نییە، لەناوچوون زۆرتر بوو کەمتر نەبوو، کەواتە دەبێت پلانمان هەبێت، چۆن کۆمەڵێک دارستان دروست بکەین، پەرەپێدان زۆر باشترە بۆ نموونە هەزار دار بچێنیت زۆر باشترە لەوەی دوو هەزار بچێنیت لەوەی بێ پەرەپێدان بێت، لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پلان کار دەکات و هەوڵەکانی بۆ پشتێنەی سەوزایی چڕتر کردووەتەوە".

رائید فوئاد زراری، ئاماژەی بەوەشدا: "رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو داتایەی کە لە وەزارەتی کشتوکاڵ هەیە، تەنیا دهۆک ستانداردە کە بە رێژەی 27% سەوزایی هەیە، ئەوانی دیکە لە هەرێمی کوردستان لە خوار ستانداردە، کە لە هەولێر10.7 سلێمانی10.11، باشترین رێژەی سەوزایی لە ئامێدییە کە 57%، خراپترین شوێن لە هەرێمی کوردستان بۆ سەوزایی مەخموورە کە رێژەی سەوزایی تێدا کەمە، ئەویش بەپێی داتاکانی ساڵانی رابردوو دەڵێت: هۆکارەکەی 50% زۆربەی دارستانەکان لە ناوچووە، هۆکاری لەناوچوونیش زیاتر شەڕە، هۆکاری لەناوچوونی دارستان لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمیش دا نییە، لە ناوچە شاخاوییەکان نزیکەی 100 ساڵە بەردەوام شەڕە".

راشیگەیاند: "ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان، کارمان لەسەر هۆشیارکردنەوەی خەڵکە لەگەڵ رێکخراوەکان وۆڕکشۆپ دەکەین، هەروەها میدیاکارەکان کە رۆڵیان هەیە لەسەر پاراستنی ژینگە و لەگەڵ راگەیاندنەکانی بینراو بیستراو هۆشیاری بڵاوبکەنەوە، لە جیاتی ئەوەی رێژەی پۆلیسی دارستان زیاد بکرێت، هەر کاتێک لەو رووەوە هۆشیاری زیاد بێت، خەڵک خۆی دەبێتە پارێزەری ژینگە".