بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر: کابینەی نۆیەم هەموو خزمەتگوزارییەکانی بۆ بەندکراوان دابینکردووە

چاکسازی گەوران - هەولێر
چاکسازی گەوران - هەولێر

K24 - هەولێر

دڵشاد عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕی و خۆیەتی، لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر، لە هەڤپەیڤینێکی کوردستان24دا رایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پێداویستیی و خزمەتگوزارییەکانی بۆ سزادراوانی چاکسازی، دابینکردووە.

دڵشاد عەلی هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، خزمەتگوزاری خوێندن تاوەکو تەواوکردنی ئاستی زانکۆش بۆ بەندکراوان دابینکراوە.

گوتیشی، "سزادراوان بۆ خەرجی رۆژانەی خۆیان شت دەکڕن، کابینەی نۆیەم ئێستا لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەیە بۆ ئەوەی خێزانەکانیان رێگایەکی دوور نەبڕن، لەگەڵ کۆمپانیایی "ناس واڵێت"ی ئەلیکترۆنی رێککەوتووین، بۆ ئەوەی سزادراوەکان ژمارەیان پێبدرێت لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە خێزانەکانیان ئەو بڕە پارەی دەینێرن راستەوخۆ بخرێتە سەر هەژماری سزادراوەکە لێرە". 

کوردستان24: بەراورد بە ساڵانی رابردوو، چەند گۆڕانکاری لە چاکسازی گەوران کراوە، گۆرانکارییەکان چین؟

دڵشاد عەلی: نزیکەی دوو هەزار سزادراو لە چاکسازی گەوران هەن، دوای سووتانی چاکسازی بە ره‌زامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران نۆژەنکراوەتەوە.

کوردستان24: کابینەی نۆیەم چی کردووە بۆ سزادراوان؟

دڵشاد عەلی: دوای نۆژەنکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران، کابینەی نۆیەم سەرجەم پێداویستییەکانی بۆ بەندکراوان دابینکردووە، وەک بەفرگر، تەلەفزیۆن، سەرجەم ئەو شتانەی کە پێویستە، هەموو ئەو شتانە کراوە کە مافی سزادراوانە، لە رووی خۆراک و خواردنەوە رۆژانە سێ ژەم خواردن هەیە، بە بەردەوامی ئەگەر بودجەش نەبێت کابینەی نۆ بۆ سەرجەم چاکسازییەکان خواردن بەپێی ئەو خشتەیەی کە دادەنرێت دابینیکردووە، سەرجەم خواردنەکانیش دەدرێتە تەندەر، پێش کابینەی نۆیەم هەرکەس بە ئارەزووی خۆی تەندەری وەردەگرت، بەڵام ئێستا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ رەزامەندی لەسەر دەدرێت، بە مەرجێک هەر خاوەن تەندەرێک دەبێت سزادراو لای خۆی کاری پێبکات و بڕە پارەیەکیش بۆ دیاری بکات و هیچ گرفتێکیش بۆ چاکسازی دروست نەبێت، کێشەی کاتی ئاومان هەبووە چارەسەر کرا، لە فڕێدانی زبڵ و خاشاک کێشەمان هەبوو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە زبڵ و خاشاکیان بۆ دابینکردین کە تایبەتە بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان.

لە کابینەی نۆیەم کێشەی میلاک لە چاکسازی چارەسەرکرا

کوردستان24: ئەو گرفتانە چیبوون لە ساڵانی رابردوو هەتان بوو، ئایا چارەسەرکراوە ئێستا؟

دڵشاد عەلی: گرفتمان زۆری ژمارەی بەندکراوانە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەپێی ستاندارد 900 سزادراو جێگەیان دەبێتەوە، کە زیاتر لە هەزار بەندکراو هەیە، لە توانای کارمەندانی ئێرە و دارایی، هەموو ئەو ئالیاتەنەی کە هەیە دەردەچێت، دادگا، نەخۆشخانە، فشار دەکەوێتە سەریان و لە توانایاندا نامێنێت، لە ساڵی 2017 لێبووردەیەکی گشتی دەرچوو، فشارەکە کەمبووەوە، چارەسەرێکی بنچینەی نەکرا بەڵام رێژەی سزادراو، هەبوونی ئەو رێژە زۆرەش هەر سزا دراوێک کە یاسایی بەسەردا دەسەپێت، دێتە چاکسازی ئێمە، هەرچەندە سێ چاکسازی گەورە هەیە لە هەرێمی کوردستان، ئەویش هەولێر، سلێمانی و دهۆک، توانای ئێمەش هەر 900 سزا دراوە، گرفتی میلاکیشمان هەبووە "جێبەجێکار" کە نزیکەی 130 هێزە کە دەبێت زیاتر لە 230 کارمەندی جێبەجێکار هەبێت، کابینەی نۆیەم رەزامەندی دەربڕی بۆ ئەو بابەتە 20 کارمەندی بە گرێبەست بۆ دابینکردین، بۆ ئەوەی کەمی ئەو میلاکە پڕبکرێتەوە.

کوردستان24: گۆڕانکارییەکانی کابینەی نۆیەم چیبوون بۆ ئەوەی فشاری سەر ئێوە کەمبکرێتەوە؟

دڵشاد عەلی: کابینەی نۆیەم هەموو هەوڵێکیدا لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی خۆشمان، کە دەبێت بەپێی مافەکانی مرۆڤ ئێمە هەڵسوکەوت لەگەڵ سزادراواندا بکەین، لە کابینەی نۆیەمدا سزادراوان هیچ گرفتێکیان نەبووە، ئەم ستافەی کابینەی نۆیەم دایناوە هەمووی پسپۆڕن و شارەزان لەبواری خۆیاندا.

سزادراوان بۆ خەرجی رۆژانەی خۆیان کە شت دەکڕن رۆژانە، کابینەی نۆیەم ئێستا لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەیە بۆ ئەوەی خێزانەکانیان رێگایەکی دوور نەبڕن لەگەڵ کۆمپانیایی "ناس واڵێت"ی ئەلیکترۆنی رێککەوتووین، بۆ ئەوەی سزادراوەکان ژمارەیان پێبدرێت لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە خێزانەکانیان ئەو بڕە پارەی دەینێرن راستەوخۆ بخرێتە سەر هەژماری سزادراوەکە لێرە، بۆ ئەوەی خۆشی لێرە بتوانێت لە فرۆشگا چی دەوێت بیکرێت و لای ئێمەش دەرکەوێت کە پارەکەی بەچی داوە، ئەمەش وادەکات هیچ گرفتێک لە ژوورەوە روونەدات و لەناوخۆیاندا پارە وەرنەگرن بۆ کاری دیکە بەکاری بهێنن، لە ئێستادا لە تاقیکردنەوەداین لەسەر 200 سزادراودا، کە کەوتە بواری جێبەجێکردن و ئێمە رایدەگەیەنین. هەروەها کابینەی نۆیەم، لەکاتی کۆڕۆنادا سیستەمێکی دانا سزادراوانی بیانی ئەوانەی کە خزم و کەسیان ناتوانن سەردانیان بکەن، بەڕێگەی ڤایبەر لەگەڵ کەس و کارییان قسەیان دەکرد، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە چەند لاپتۆپێکیان بۆ دابینکردین بۆ ئەو مەبەستە کە پڕۆژەیەکی نوێ بوو، توانیمان ئەو پڕۆژەیە جێبەجێبکەین.

سەبارەت بە پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لە ئێستادا ئێمە لەگەڵ کۆرەک تلیکۆم گرێبەستێکمان هەیە، هەر لە کابینەی نۆیەم ئەنجامدرا، داشکاندنیان لە نرخی دراودا بۆ سزا دراوەکان کرد، بەهاوکاری وەزارەتی کار و  ئەنجومەنی وەزیران 5% ئەو نرخەیان بۆ بگەڕێتەوە کە کەمدەرامەتن، سیستەمێکی کۆڕەک کە دایناوە بۆ ئێرە تا رادەیەکی باش کۆنتڕۆڵی زۆربەی کێشە و گرفتەکانی بەڕێوەبەرایەتی کردووە، هەر سزا دراوێک بۆی هەیە 10 ژمارە تۆمار بکات، ئەوانیش، ژمارەی مافی مرۆڤ، پارێزەرەکەی، لەگەڵ هەشت کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی دەدرێتە بەدالەی چاکسازی و لەو رێگەوە دەتوانێت پەیوەندی بەوانەوە بکات، ئەو سیستەمە نەبوو، سیستەمەکە کۆڕەک تیلیکۆم داینا، دواتر گوازراییەوە بۆ چاکسازی سلێمانی و دهۆک و خوارووی عێراقیش داوای ئەو سیستەمە دەکەن، چونکە گرفتی نەبووە، بەردەوام کۆڕەک لەسەر هێڵ بووە هەر کێشە و گرفتێکیش لەسەر ئەو سیستەمە هەبووبێت کۆڕەک تلیکۆم بەخێرایی چارەسەری کردووە.

تەرم دێتە چاکسازی و سزادراون دەیبینن

کوردستان24: چۆن مۆڵەت بە سزادراوەکان دەدەن لە نزیکەوە کەسوکارییان ببینن، بەتایبەت کاتێک نەخۆش دەکەون یاخود کەسێکیان گیان لەدەستبدات؟

دڵشاد عەلی: تەرم دێتە چاکسازی سزادراو دەیبینێت، ئەگەر کەسێکیشی نەخۆشبێت، ئەوا بە دەنگ و رەنگ دەتوانێت لە رێی پلاتفۆڕمی ڤایبەرەوە کەسوکاری ببینێت، ساڵانە سێ رۆژ مۆڵەتی هەیە بۆ حاڵەتی لەناکاو کە کەسێکی باری تەندروستی ناجێگیربێت بە نووسراو رێگەمان پێداوە کە لەگەڵ تیمی چاکسازی دەڕوات سەردانی کەسەکەی دەکات و دەگەڕێنرێتەوە بۆ ناو چاکسازی.

زۆربەیان بە ماددەکانیی تیرۆر سزادراون

کوردستان24: زۆرترین سزادراو کامانەن؟ تەمەنیان چەند بۆ چەندە؟ هۆکاری سزادانەکەیان چییە؟

دڵشاد عەلی: لە ئێستادا 1886 بەندکراومان هەیە کە تەمەنییان لە سەرووی 18یە، زۆرترین سزادراویش تیرۆرە، 705 سزادراو هەیە، کوشتن 272 هەیە، مادەی هۆشبەر 384 سزادراو هەیە، دزی 103 سزادراو، تاوانەکانی جۆراو جۆریش 319 سزادراوهەیە، گەر بەراوردی کەین بە ساڵی 2016 و 2017 رێژەکە زیاترە، هۆکاری ئەو رێژەیەش کە ئێستا هەیە، نەبوونی لێبووردنی گشتییە بۆ سزادراوان و ئەمساڵ سزادراوانی هۆشبەر کەمتر بووەتەوە، بەڵام ئەوانەی ماددەی هۆشبەر، حکومەتی هەرێم لە پلانیدا هەیە کە شوێنی تایبەتییان بۆ بکاتەوە و چارەسەر وەربگرن، ئێستا سەنتەرێکی چارەسەرکردنمان هەیە بۆ ئەوانەی مادەی هۆشبەر زۆربەیان لەوێ چارەسەر وەربگرن و نەگەڕینەوە سەری کە لە شەقلاوەیە و لە پلانی حکومەت و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و تەندروستییدایە، خەریکی ئامادەکارین لەو سەنتەردا، چەندان جاریش دکتۆری پسپۆر و توێژەرەی شارەزامان هێناوە بۆیان، بۆ ئەوەی لە رووی فکر و هەر روویەکی دیکەبێت نەگەڕێنەوە سەر بەکارهێنانی ئەو ماددە.

توێژەری کۆمەڵایەتی و مامۆستایانی ئایینی لە چاکسازی سیمینار دەکەن

کوردستان24: مامەڵەکردنتان لەگەڵ سزادراوان چۆنە؟ هەوڵتانداوە ئەو هەڵەی کردوویانە دووبارەی نەکەنەوە؟ چۆن رێگری کراوە کە نەگەڕێنەوە سەر هەمان هەڵە؟

دڵشاد عەلی: ئێمە توێژەری کۆمەڵایەتی تایبەت بە چاکسازیمان هەیە، بەردەوام رێنماییان دەکات و سیمنارییان بۆ دەکات، مامۆستایانی ئایینیش دێن سیمنارییان بۆ دەکەن، زۆرترین هەوڵدراوە بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە سەر هەمان ئەو هەڵەی کە کردوویانە، خولی شیاندنیانی جۆراوجۆریان بەردەوام بۆ دەکرێتەوە، ئەوەی لە توانای بەڕێوەبەرایەتییەکە بووبێت کردوویەتی، هەتا لێرە قسە گوتن نییە بە سزادراوان، مامەڵەکردنمان بەپێی مافەکانی مرۆڤە، تەواوی یاساکانی مافی مرۆڤ جێبەجێدەکرێت، هەر سزا دراوێکیش قسەی نەشیاو بەهەر کارمەندێکی چاکسازی بڵێت لە دەرەوە سکاڵایەک تۆمار دەکات لەسەری، بەپێی ئەو سکاڵایە سزای خۆی وەردەگرێت سزادراوەکە، لێرە هیچ یەکێک لە کارمەندەکان نەبووەتە هەڕەشە لەسەر سزادراوەکان.

هەروەها هەوڵی ئێمە بۆ سزادراو ئەوە بووە بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە و تاکێکی بەسوود بێت، ئێمە پاڵپشتیمان کردووە کە دەگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگا، بۆ خۆی کارێک بکات، چەندان خول کراوەتەوە لێرە بۆیان لە زمان، کۆمپیوتەر، بەرگدووری، سەرتاشی و چەندانی دیکە بۆ ئەوەیی کە گەڕایەوە ناو کۆمەڵگا ئەوەی لە رابردوو کردوویەتی لەهزری نەمێنیت و سوودی هەبێت بۆ خۆی و خانەوادەی، کۆمەڵگە و هەم نیشتمانەکەشی، وامان کردووە کارێکی هەبێت و نەگەڕێتەوە سەر تاوانەکەی، خاوەن سەرچاوەی ئابووری خۆی بێت.

هەروەها لە کابینەی نۆدا هەندێک سزادراو ماددەکەی سووکە بۆ نموونە پێکدادانی سەیارەیە، یاخود شەڕێکە ئەوانە تێکەڵ بە سزدراوی ماددەی هۆشبەر و تیرۆر نابن ئەوانە ماددەیان جیاوازە، تاکو لە چوونە وەرزش خواردن خوێندن خولەکان بەهیچ شێوەیەک تێکەڵ بەوانی دیکە نابن هەتا ئەو رۆژەی ئازاد دەبن، هەر سزادراوێک بەپێی سزاکەی جیاکراوەتەوە، بەڵام لە ساڵانی رابردوو هەموویان لە یەک هۆڵ تێکەڵاو بوون.

.

کوردستان24: پێداویستییەکانی سزادراوەکان چییە؟

دڵشاد عەلی: هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابینکراوە، لەڕووی خوێندن، تەندروستی، خواردن، هەموو ئەوەی كه‌ کەسێکی ئاسایی پێویستی پێیەتی لێرە بۆیان دابینکراوە، نموونە لە رابردوو نان لە دەرەوە دەگەیشتە دەستیان سارد دەبووەوە ئێستا نانەواخانەشیان هەیە، هەر سزا دراوێک لەگەڵ ژەمەکانی خۆیدا دوو نانی پێدەدریت، تەنانەت زۆربەیان لەناو چاکسازیدا کاری خۆیان دەکەن، بۆ هەر کارێکیش لەبەرامبەردا بڕێک پارە وەردەگرن. جگە لەهەموو ئەمانەش سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دوای ئەوەی چاکسازی سووتا بۆ پاراستنی ئەمنی ئێرە زێرەڤانی نارد، ئێستا هەمووی بووە بە زێرەڤانی لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم ئەرکی پۆلیس دیاریکرا، ئەرکی بوو بە مەفرەزە بۆ پاراستنی ئەو سزادراوانە کە دەچنە دەرەوە جا هەر دەرچوونێک بێت.

هەروەها بە هاوکاری وەزارەتی ناوخۆ خولێکمان کردەوە بۆ کارمەندانی جێبەجێکار بۆ ماوەی 30 رۆژ بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو، بتوانن رووبەڕووببنەوە و کۆنتڕۆڵی بکەن، بەشێوەیەکی سەردەمیانە هەم خۆیان و هەم سزادراوەکەش، لە رووداوەکە بپارێزرێت.

رۆژانە دادوەر دەچێتە لای سزادراوان

کوردستان24: هیچ حاڵەتێکی نامۆ لەناو زیندانیاندا روویداوە؟

دڵشاد عەلی: لە ساڵی 2020ـەوە هیچ حاڵەتێکی نامۆ لێرەدا رووی نەداوە، لەنێوان خۆیان شەڕی ئاسایی دەکرێت، لیژنەی لێکۆڵینەوەمان هەیە، ئەگەر سکاڵاش بکەن لەسەر یەکتر سکاڵاکەیان دەڕواتە بنکەکانی پۆلیس و لەوێ مافی خۆیان وەردەگرن، داواکاری گشتیمان هەیە، دادوەر رۆژانە دەڕوات بۆلای سزادراوەکان، لە نزیکەوە کێشە و گیروگرفتەکانیان چارەسەر دەکات و ماددە یاساییەکانیان پێدەڵێت، بۆ هەبوونی هەر کێشەیەک توێژەر نەیهێشتووە گەورەبێت کێشەکانیان چارەسەر کراوە، بۆ هەر هەڵەیەکیش ئێمە ژووری تاکەکەسیمان هەیە بۆ ماوەی 10 بۆ 15 رۆژ لەوێ دایدەنێین، هێڵی پەیوەندییان لەسەر قەدەغە دەکەین، ناتوانن وەرزش بکەن، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بۆ ئەوەی ئەو هەڵەیە دووبارە نەکاتەوە، هەموو ئەوانە بەپێی سیستەمی چاکسازی ساڵی 2008 کە دەسەڵاتییان پێداین ئەو رێکارییانەیان دەگرینەبەر لە هەر هەڵەیەک کە بیکەن.

پشکنین بۆ سزادراوان دەکرێت

کوردستان24: چۆن پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکرێت؟ لەهەر حاڵەتێکی نەخۆشی هەوڵی چارەسەرییان بۆدراوە؟

دڵشاد عەلی: هەر سزا دراوێک کە دێتە ئیرە لە هۆبەی پێشوازی سەرەتا پشکنینی خوێنی بۆ دەکرێت، لەلایەن بنکەی تەندروستی، بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە لە هەر جۆرە نەخۆشییەک، تا پشکنین دەردەچێت کەرەنتین دەبێت، ئەگەر نەخۆشی هەبوو ئەوا بە تەنیا دادەنرێت تاکو چارەسەری پێویست وەردەگیرێت و چاک دەبێتەوە، ئینجا بۆی هەیە تێکەڵاوی ئەوانی دیکە بێت، گۆڕانکاری تەواویش لە رووی تەندروستییەوە کراوە بۆ سزا دراوان، ئێمە بەردەوام لەسەرهێڵ بووین لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، دکتۆری ددان و ئامێری پێویستیان ناردووە، بۆ ئەوەی لێرە زیاتر خزمەتی سزادراوان بکرێن و رەوانەی دەرەوە نەکرێن، بەڵام ئێستا تاکە گرفت هەمانبێت ئامێری تیشکە، ئامێرەکەیان ناردووە، بەڵام سەردەمیانە نییە، بۆ پشکنینی تیشک، لە 11 مانگی رابردوودا لە بەڕێوەبەرایەتییەکەماندا نزیکەی 12هەزار و 136 سەردان بەتێکرایی تەندروستی هەبووە و 391 حاڵەتی دەرچوون بۆ چارەسەر لەدەرەوە هەبووە، بەشی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران، 24 کاتژمێر ئێشگرمان هەیە، بە شەو رۆژ دکتۆرمان هەیە لە هەموو ئەو بوارانەی کە سزادراوان پێویستییان پێیان هەیە.

هەر سزادراوێکیش تووشی نەخۆشییەکی ڤایرۆسی بوو ئێمە کەرەنتینی دەکەین و نابێت تێکەڵاوی ئەوانی دیکە بێت، تاکو چارەسەر دەبێت، ساڵانی رابردوو دەرمان کەم بوو، جگە لەوەش دەرزی کوتان بەرێژە دەهات تەنیا بۆ کارمەندەکانی چاکسازی بوو، بەڵام ئێستا وەزارەتی تەندروستی هەموو دەرمانێکی دابین کردووە و جگەلە لە کارمەندەن، دەرزی کوتان بۆ تەواوی سزادراوەکانیش دابینکراوە و لێیان دراوە بۆ ئەوەی دووربن لە نەخۆشییە وەرزییەکان.

.

لە چاکسازی گەوران سزادراوان دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن

کوردستان24: لە رووی خوێندنەوە چۆن هاوکارییان دەبن؟ چۆن دەخوێنن و چەند کەس خوێندنی تەواو کردووە؟

دڵشاد عەلی: پەرە بە قوتابخانەی ئێواران دراوە، مامۆستا و بەڕێوەبەریان هەیە کتێبخانەیان هەیە، بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لێرە هەرهەمووی جێبەجێ دەکرێت، ئەمساڵ لیژنەمان پێکهێنا بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بخوێنن بەپێی سیستەمی پەروەردە، خوێندنی بنەڕەتی لە یەکی بنەڕەتییەوە تاکو 12ی ئامادەیی هەیە و دەخوێندرێت، قوتابی کۆلێژیشمان هەیە، لە بەرنامەشماندایە هۆڵی خوێندنیان فراوانتربکەین، ئەمساڵ نزیکەی 160 قوتابیمان هەیە بە زانکۆشەوە و نزیکەی 30 مامۆستا هەیە، هۆڵی سزادراوەکانیشمان جیا کردووەتەوە لەوانەی دەخوێنن هۆڵەکەیان جیاوازە لەگەڵ سزادراوەکانی دیکە بۆ ئەوەی بتوانن خوێندنەکەی خۆیان بکەن، نمرەکانیشیان زۆر جیاوازترە لەگەڵ قوتابییەکانی دەرەوە نمرەکانیان هەموو بەرزە.

لە ساڵی 2008 تەنیا قوتابخانەی بنەڕەتیمان هەبووە لە چاکسازی، بەڵام بەمشێوازەی ئێستا نەبوو، لە ساڵی 2015، زۆر بێسەروبەر بوو، ئێمە لە کابینەی نۆدا میلاکی ئەومامۆستایانەمان گواستەوە لەسەر وەزارەتی پەروەردە، لە کابینەی نۆدا گفتووگۆ کرا لەگەڵ زانکۆی لوبنانی فەرەنسی، بۆ ئەوەی قوتابییەکانی ئێمە داشکاندنیان بۆ بکرێت %50 بوو سەرەتا، دواتر نووسراوێکمان کرد بۆ سەروتری خۆمان داوامان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد، ئێستا قوتابییەکانمان بێ بەرامبەر دەخوێنن، هەر سزادراوێک لێرە سزاکەی هەرچی بێت دەتوانێت لەناو جاکسازیدا خوێندنەکەی تەواو بکات، ساڵی رابردوو هەشت سزادراوی دەرچووی زانکۆمان هەبوو، کاتێک بڕوانامەکەشی وەرگرتووە ئاماژە بەوە نەکراوە کە سزادراو بووە لە چاکسازی، بەڵکو وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگە بەبێ ئەوەی هیچ کەسێکیش هەستی پێبکات براوانامەی وەرگرتووە، هەموو ئەوانەش بە هەوڵ و ماندووبوونی تەواوی کارمەندانی ئێرە

کتێبخانەی تایبەت بە خۆمان هەیە کە نزیکەی هەشت هەزار کتێب لەخۆ دەگرێت، هەموو ئەو کتێبانەی تێدایە، کە پێویستییان پێدەبێت، تەنیا رێگری لەو کتێبانە دەکەین کە توندوتیژی بڵاو دەکاتەوە ناهێڵین بێتە ناو چاکسازی و لە 10 رۆژدا سزادراو بۆی هەیە دوو کتێب وەربگرێت بۆ خوێندنەوە.

کوردستان24: ئەو سزادراوەی کە کەمدەرامەتن کێ ئەرکی خێزانەکانیانی گرتووەتە ئەستۆ؟

دڵشاد عەلی: لە رێگای ئێمەوە ساڵانە نووسراو دەکرێت بۆ وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بۆ ئەو سزادراوانەی خێزانەکانیان کەمدەرامەتن پشگیریمان کردوون، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لای خۆیانەوە ئەوانەی کە شایستە بوون بڕە پارەیەکیان بۆ تەرخانکردوون بۆ ئەوەی بتوانن ئەو خێزانانە پێوەی بڕۆن بەڕێوە. بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو برە پارەیەی کە تەرخان کرابوو راگیراوە.

ئا: لاڤین عومەر