لە چوار ناوچەی ئۆکرانیا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا ئەنجام دەدرێت

K24 - هەولێر

کۆمیسیۆنی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی رووسیا رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا لەو چوار ناوچەیەی ئۆکرانیاش ئەنجام دەدرێت کە بە رووسیا لکێندراوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی رووسیا، ئەمڕۆ دووشەممە، 11-12-2023، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا کە بڕیارە مانگی ئاداری 2024 بەڕێوەبچێت، ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیاش دەگرێتەوە کە لەلایەن مۆسکۆوە داگیر کراوە.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، دەنگدان ناوجەکانی دۆنێتسک، لوگانسک، ژاپۆریژیا و خێرسۆن دەگرێتەوە، کە ئەو ناوچانەن رووسیا لە ساڵی 2022دا بەخۆی لکاندووە، هەروەها  مۆسکۆ یاسای سەربازیشی بەسەر ئەو چوار ناوچەیەدا سەپاندووە کە کۆنترۆڵی کردوون.

 رۆژی هەینی رابردوو، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا دڵنیایی داوەتە سەربازە رووسییەکان کە جارێکی دیکە خۆی کاندید دەکاتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە بڕیارە لە مانگی ئاداری 2024 بەڕێوە بچێت، ئەمەش رێگەی پێدەدات لانیکەم تا دوای ساڵی 2030 لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.